"لەماوەی ساڵێکدا 280 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسانی عێراق‌و هه‌رێم تۆمارکراوة"
  2022-05-03       388       

به‌گوێره‌ی‌ ئامارێكی‌ كۆمەڵەی داکۆکیکردن لەئازادی رۆژنامەگەری لەعێراق، لەماوەی ساڵێکدا 280 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسانی عێراق تۆمارکراوه‌، لەو ژمارەیەش زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەبەغداو هەولێر بوە.

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌نێوان مانگی‌ ئتیاری‌ 2021 تا ئایاری‌ 2022دا 280 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسانی عێراق تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە بەغدا و هەولێر بوە کە لە هەرکامێکیاندا 56 حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراون.

كۆمەڵەی داکۆکیکردن لەئازادی رۆژنامەگەری‌ باسی لەوەشکردوە، پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە عێراق پێکهاتون لە پەلاماری چەکداریی، هەڕەشەی کوشتن، برینداربون لەکاتی روماڵکردن، سکاڵا تۆمارکردن لەسەریان بەیاسای سەردەمی دیکتاتۆریەت، هەوڵی تیرۆرکردن و  هەڵکوتانەسەریان بووه‌.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ژمارەیەش 83 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە  56 حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر بون، هەروەها لە کەرکوک  37 پێشێلکاری تۆمارکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×