پەیامی جەمیل بایک لەسەر تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی
  2022-05-24       610       

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە “بە ڕێز و منەتدارییەوە” یادی محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە هەمووان وڵاتپارێزیی زەکی چەلەبیی بکەنە نموونە بۆخۆیان، دەشڵێت: پێویستە گەلەکەمان لە باشوور لە بەرامبەر سیاسەتە بکوژەکانی دەوڵەتی تورکدا بووەستنەوە و داوا لە پەدەکە بکەن کە هاوکاری تورکیا نەکات.

ئاوێنه‌: جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە شەوی ڕابردوو لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی ستێرک تیڤی چەند تەوەرێکی تاوتوێکرد و ئاماژەی بە تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانی و هەوڵی تیرۆرکردنی پەنابەرێکی دیکەی باکوور بەناوی حسێن تورەلی لە دهۆک کرد.

جەمیل بایک دەڵێت: بە ڕێز و منەتدارییەوە یادی هەڤال محەمەد زەکی چەلەبی دەکەمەوە، بەڕاستی وڵاتپارێزێکی هێژا بوو، میت هەڕەشەی لێکرد، ئەویش ئەو هەڕەشانەی لە میدیاکاندا ئاشکرا کرد، ڕێبازی دروستی گرتەبەر، سیاسەتی دەوڵەتی تورکی بەرامبەر وڵاتپارێزان ڕوون کردەوە، ئەو هەڕەشەیەی ئاشكراكرد و بەوشێوەیه هۆشداریی دایە وڵاتپارێزانی کورد کە نەكەونە تەڵه و گەمەكانی دیكتاتۆرەكان، سەرەخۆشی لە خانەوادە بەڕێزەکەیان و هەڤاڵەکانی و گەلی کوردستان دەکەم.

دەشڵێت: سڵاو و پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئه‌و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ته‌سلیم به‌ ده‌وڵه‌تی تورک نه‌بوون، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌ سلێمانی و بادینان كاریان كرد و درێژه‌یان به‌ ژیانیان دا، سه‌ریان بۆ ڕه‌شبگیریی و هه‌ڕه‌شه‌كانی میت و پاراستن دانەنەواند، نیشتمانپەروەریی و شۆڕش شتێکی لەم جۆرەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەکەکە لەناوببات، بۆیە هەر کوردێک لە هەرکوێیەک بێت، دەبێت بەرامبەر ئەم سیاسەتە بووەستێتەوە، محەمەد زەکی چەلەبی نموونەی ئەمە بوو، دەبێت هەمووان محەمەد زەکی چەلەبی بکەنە نموونە بۆخۆیان، هەمان ڕۆژ هەوڵی تیرۆرکردنی هەڤاڵ حسێنیش درا لە بادینان، بەڵام بە برینداریی لە هەوڵەکە ڕزگاری بوو.

هاوسەرۆکی کەجەکە پەیامی پشت تیرۆرەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان شیدەکاتەوە و دەڵێت: پەیامێکی وا دەنێرن، کە لە باشووری کوردستان ئارامیی نییە، ئەگەر پێداگریی لەسەر نیشتمانپەروەریی خۆت بکەیت، ئەوا سەلامەت نابیت، بەمەش ویستیان هەم نیشتمانپەروەران و هەم خەڵکی باشووری کوردستانیش بترسێنن، نابێت وڵاتپارێزانی باکووری کوردستان کە لە باشووری کوردستانن، بەرامبەر ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورک هەنگاو بۆ دواوە بنێن، بەتایبەتی خەڵکی باشوور پێویستیان بەوەیە بزانن دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان چی دەکات، براکانیان تیرۆر دەکەن، ئەوانەی ئەمڕۆ براکانیان تیرۆر دەکەن، سبەینێ سەرەی ئەوانیش دێت.

جەمیل بایک جەختیش دەکاتەوە: پێویستە گەلەکەمان لە باشوور لە بەرامبەر سیاسەتە بکوژەکانی دەوڵەتی تورکدا بووەستنەوە و داوا لە پەدەکە بکەن کە هاوکاری تورکیا نەکات، خەڵکی باشوور، سیاسەتمەداران، نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەکادیمیەکان، هونەرمەندان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکانی ئاشتی، چ موسڵمان یان سۆسیالیست هەموویان دەبێت خاوەنداریی لە وڵاتەکەیان بکەن.

دەشڵێت: پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی کوردستان دەکەن، خەبات بۆ گەلی کورد دەکەن، خەبات دەکەن بۆ ئەوەی کوردستان نەکەوێتە دەستی داگیرکەران، ڕێگریی لە لەناوبردنی گەلی کورد دەکەن، بەم شێوەیە ژیانی خۆیان دەبەخشن، خۆیان و بەهاکانیان و وڵاتەکەیان دەپارێزن، ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانین بەرگری لێ بکەین کەی بەرگری لێ دەکەین؟ پێویستە خەڵکی باشوور بزانن، کە مەترسییەکی گەورە لە باشوور هەیە و دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پەدەکە دەیەوێت دەستبەسەر باشووردا بگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×