حەج‌و عەمرەی عێراق تێچوی حەجی ئەمساڵی دیاریکرد
  2022-05-24       507       

دەستەی باڵای حەج‌و عەمرەی عێراق تێچووی حەجی ئەمساڵی دیاریکرد، ده‌سته‌كه‌ ئاماژەی بەوەشکردووە كه‌ نرخی خستنەبازاڕی دۆلار بەهەند وەرگیراوە.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ نوسراوێكی‌ دەستەی باڵای حەج‌و عەمرەی عێراق، تێچوی حەجی ئەمساڵ لەرێگەی ئاسمانییەوە چوار هەزارو ٢٠٠ دۆلارەو لەرێگەی وشکانییەوە ٣٤٥٠ دۆلارە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تێچوی حەج لەو هاوڵتییانە بەدۆلاری ئەمریکی وەرگیراوە کە دەیانەوێت بچنە مەزارگەی پیرۆزو لەو بابەتەشدا نرخی خستنەبازاڕی دۆلار بەهەند وەرگیراوە.

دەستەی باڵای حەج‌و عەمرەی عێراق دەشڵێت، "بۆ ئەو کەسانەی کە قیستی یەکەمیان لەکاتێکدا داوە کە دۆلار نرخەکەی کەمتر بووەو هەر دۆلارێک بەرامبەر بەهەزارو ٢٠٠ دینار بووە بەهەمانشێوە لێیان وەردەگیرێت."

باسی لەوەشکردووە، ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت گەشت بکەن لەرێگەی ئاسمانییەوەو قیستی یەکەمی گەشتەکەیان داوە، ئەوا تێچوی ماوەی گەشتەکەیان دو هەزارو ١٢٠ دۆلاری ئەمریکی دەبێت و ئەوەشی بەوشکانی گەشتەکە دەکەن و قیستی یەکەمیان داوە ئەوا، تێچوی ماوەی گەشتەکەیان هەزارو ٣٧٠ دۆلاری ئەمریکی دەبێت.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج‌و عومرەی کوردستان ڕایدگه‌یاندبو كه‌ ئه‌مساڵ لەعێراق زیاتر له‌ ١٥ هەزار  کەس دەتوانن بەشداری فەریزەی حەج بکەن، لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ هەزار کەس دەتوانن بەشدار بن کە دیاریکردنی ئەو ڕێژەیەش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دەبێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×