فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه تا ئێستا ئێران ھیچ بەڵگەیەکی رونی لەسەر بونی بنکەی موساد لهھەولێر نییە. ناوبراو دهڵێت، "داوامان لەلایەنی ئێرانی کردووە، پێکەوە ھەماھەنگیی زیاترمان ھەبێت لەو بوارەداو جارێکی دیکە ئەوەی رویدا [هێرشی موشهكی بۆ سهر ههولێر] دوبارە نەبێتەوە".
ئاوێنه: فوئاد حوسێن لەچاوپێكهوتنێكی تهلهفزیۆنیدا ڕایگهیاندووه، "دوای ھێرشەموشهكییهكهی سهر ههولێر سەردانی تارانمان کرد، بۆ ئەوەی لەو بەڵگانە ئاگاداربین کە دەڵێن لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر، بنکەیەکی موساد کراوەتە ئامانج".
وتیشی، "لەسەردانەکەماندا بۆ تاران، چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و ئەمنی ئەنجام دا و بەرپرسانی ئێران باسیان لەوە کرد، ئەو شوێنەی لە ھەولێر کراوەتە ئامانج، بنکەیەکی موساد بووە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی روونیان لەوبارەیەوە پێشکەش نەکردووین".
فواد حسێن راشیگەیاندووە، "داوامان لە لایەنی ئێرانی کردووە، پێکەوە ھەماھەنگیی زیاترمان ھەبێت لەو بوارەدا و جارێکی دیکە ئەوەی روویدا، دووبارە نەبێتەوە".
بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی مانگی ئاداری رابردو، ئێران بە ١٢ موشەکی بالیستیکی ماڵی بازرگانێکی لە شاری ھەولێر کردە ئامانج.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لەبەیاننامەیەکدا، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج. ئەو تۆمەتە هەر زوو لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەت کرایەوە و حکوومەتی عێراقیش دوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە، رەتی کردەوە کە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونی ئێرانییەکانی دەست کەوتبێت.