بەرپرسێکی پارتی:: زۆر زەحمەت دەبێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ بەشداری جدی کوردو سوننە حکومەت پێکبهێنێت
  2022-06-15       507       

د. بەنگین ڕێکانی یەکێک لە بەرپرسەکانی پارتی لە بەغداد، وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە کشانەوەی سەدر لەپەرلەمان موفاجەئە بو، زۆر زەحمەتیش دەبێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ بەشداری جدی کوردو سوننە حکومەت پێکبهێنێت کە زۆرینەی کورد لای پارتییە، ئەو دەڵێت "سورین لەسەر رێبین ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".

 

ئاوێنە: د.بەنگین ڕێکانی بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند "پارتی چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت بوچونەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چیە؟ بۆ ئەو عەرزەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیخاتە بەردەم پارتی، ئەوەندەی من بشزانم چواچێوەی هەماهەنگی بۆچونی ئەوەیە کە دەستبکەن بە گفتوگۆ چ لەگەڵ پارتی چ لەگەڵ سوننە، هەوڵی دروستکردنی لێکتێگەیشتن دەدەن، بە بۆچونی من پارتی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات، ئەگەر ئیستیجابە هەبوو بۆ داخوازییەکانی پارتی کە ڕوونن چ لەسەر ئاستی عێراق چ لەسەر ئاستی کوردستان ئەگەر ئەوان ئامادەی جێ بەجێکردن بوون و هاتنە پێش وابزانم دەگەنە ڕێککەوتن و بەشداریش دەکەن لە حکومەت".

دەربارەی ئەوەش کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئەگەر حکومەت پێکبهێنن یەکێتیش دوور نیە بەبێ پارتی بەشدار بێت، د. بەنگین ڕێکانی دەڵێت "بڕوا ناکەم یەکێتیش ئەو هەنگاوە بنێ، بەڵام با وای دابنێین، ئەو هەنگاوە نرا (حکومەتی عێراق بە بێ پارتی پێکهێنرا)، زۆرینەی کورد لای پارتیە کە 31 کورسی هەیە، زۆرینەی پەرلەمانی کوردستانە، حکومەت لای پارتیە، یانی (useless ) وەک ئینگلیز دەڵێت، بۆیە ئەگەر پارتی لەگەڵییان نەبێت ناتواننن هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێم بکەن، چونکە ئەوەی بڕیار دەدات دیسان هەر پارتیە، سوننەکانیش زۆرینەی لای سیادەیە، عەزم 11 کورسی هەیە، بۆیە ئەوانیش (چوارچێوەی هەماهەنگی) ئەو حساباتانە دەکەن، حساباتی تەمسیلی شەرعییەت، حساباتی هەرێمی و نەودەوڵەتی کە بتوانن حکومەتێکی ئەوها دروست بکەن کە بتوانن بەشێکی کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە مەترسی زۆر لەسەر عێراق هەیە، زۆر زەحمەت دەبێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کە حکومەتێک پێکبهێنن بە بێ بەشدار بوونی جدی کورد و سوننە، کە زۆرینەی کورد لای پارتیە".

دەربارەی هاوپەیمانی سێ قۆڵیش، ڕێکانی دەڵێت "سەدر لە پڕۆسەی سیاسی نەما، ئێستا پارتی و سیادە ماون، وابزانم ئەوان پێکەوە دەبن، یانی هاوپەیمانیش نەبن هەماهەنگییەکی زۆر دەبێت ، ئەوان بۆچون و هەڵوێستییان لەیەک نزیکە، بە بۆچونی من ئەوان لەسەر هاوپەیمانی خۆیان دەمێنن و هەماهەنگیەکی گەورە پێکدەهێنن، لە هەمانکاتدا پەیوەندی لەگەڵ سەدر نابڕدرێت، سەدر خاوەن جەماوەر و پێگەیە. "

رێکانی جەغت لەوەش دەکات کە دوای کشانەوەی سەدریش، پارتی سورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارخ دەڵێت "کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە لایەن پارتییەوە، پەیوەندی نەبووە بە هاوپەیمانی لە گەڵ سیادە و سەدر، پارتی بە مافی خۆی دەزانێت ئەو پۆستە، چونکە زۆرینەی کورسی کوردەکان پارتی بەدەستی هێناوە ئەوە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیەتی و پەیوەندی بە هاوپەیمانی سێ قۆلییەوە نیە، لەبەر ئەوە تا ئێستا هەر ئەو کاندیدەی هەیە و سوریشە لەسەری. "

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×