بەرگری شارستانی سۆران: دو گەنج لە گەلی عەلی بەگ خنكان
  2022-06-17       323       

بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ(هەینی) دو گەنج كە خەڵكی شاری هەولێرن لە گەلی عەلی بەگ خنكان، تەرمی یەكێكیان دۆزراوەتەوەو تیمەكانیشیان بەردەوامن لەگەڕان بەدوای تەرمی گەنجەكەی تردا.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتییەكە، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد"ئەمڕۆ هەینی ۱۷-٦-۲۰۲۲ کاتژمێر (۱۰:۳۰) بەیانی ئاگادار کراینەوە بە ڕوداوێکی خنکان لەناو گەلی عەلی بەگ دەست بەجێ تیمەکانی مەلەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەرچون بۆ شوێنی ڕوداو."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەپێی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ تیمەکانمان دو هاوڵاتی خنکاون بەناوەکانی (ئیبراهیم شێرزاد ڕەشید) لە دایکبوی ۲۰۰۱ و (مستەفا رزگار شێخ محەمەد) لە دایکبوی ۲۰۰۳."

بەرگری شارستانی سۆران ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم دو گەنجە خەڵکی شاری هەولێرن لەگەڵ پۆلێک لە برادەرانیان بەمەبەستی گەشت و سەیران ڕویان لەم ناوچەیە کردبو."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "دوای نزیکەی یەک کاتژمێر گەڕان توانرا تەرمی ئیبراهیم شێرزاد بدۆزرێتەوە لە لایەن تیمەکانمانەوە و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەی تر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×