عێراق بەتوندی ئیدانەی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر سنونێ دەكات
  2022-06-17       272       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، دوای دو رۆژ لە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناحیەی سنونێی سەربە شنگال، رایگەیاند، هێرشەكە پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراقە و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رونی ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی و ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ وه‌ك په‌لامارێك بۆ به‌ئامانجگرتنی ئاسایشی عێراق و سه‌قامگیری گه‌له‌كه‌ی ده‌بینن.

ئاوێنە: ڕۆژی ١٥ی حوزەیران، سوپای توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجومەنی گەلی سنونێ و چەند دوكانێكی نزیك شوێنەكەی بۆردومانكرد و بەوهۆیەوە منداڵێكی ١٢ ساڵان شەهیدبو و حەوت كەسیش برینداربون.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"به‌ توندترین شێوە ئیدانه‌ی بۆردومانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گا حكومییه‌كان و ماڵی هاوڵاتیان له‌ سنوری ناحیه‌ی سنونێی سه‌ربه‌ قه‌زای شنگالی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كەین، ئه‌وە پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراق و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رونی ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتوە،" ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ وه‌ك په‌لامارێك بۆ به‌ئامانجگرتنی ئاسایشی عێراق و سه‌قامگیری گه‌له‌كه‌ی ده‌بینین و پێشهاته‌كه‌ پێویستیی به‌ هه‌ڵوێستێكی یەکگرتو هه‌یه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی، لەدوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان رێوشوێنی پەیڕەوکراو دەگرینە بەر".

ئەوەش لەكاتێكدا كە ئەمڕۆش لە سنوری قەزای کەلار، توركیا لەرێگەی درۆنەوە هێرشی كردە سەر ئۆتۆمبێلێک و لەئەنجامدا چوار کەسی نێو ئۆتۆمبێلەكە گیانیان لەدەستداو کەسێکی دیکەش برینداربو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×