دژە تیرۆری کوردستان وردەکاری هێرشە موشەکییەکەی سەر قەزای شێخان ئاشکرادەکات
  2022-06-22       423       

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردو دو موشەک ئاراستەی قەزای شێخان کراون کە  یەکێک لە موشەکەکان لە بەرزاییەکانی چیای سمریتێی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا کەوتوەتە موشەکی دوەمیش بەرلەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، لە گوندی تیسخراب - باشیک لە سنوری دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵی کەوتوتەوە خوارەوە.

ئاوێنە: دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە درەنگانی شەوی رابردو بڵاویکردەوە رایگەیاند،"  شەوی سێشەممە 21ی حوزەیران/6 ی 2022 کاتژمێر 11:00ی شەو، دو موشەک لە لایەن میلیشیا لەیاسابەدەرەکانەوە لە ناوچەی بازوا لەنێوان گوندی کانینی و باشیکەوە ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری میحوەری ناوەران کران".

ئاماژەی بەوەشکرد،" یەکێک لە موشەکەکان لە بەرزاییەکانی چیای سمریتێی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتوەتەوە، هاوکات موشەکی دوەمیش بەرلەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، لە گوندی تیسخراب - باشیک لە سنوری دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵی کەوتوتەوە خوارەوە".

قەزای شێخان لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە دو پارێزگایە، سەنتەری قەزاکە و ناحیەی زیلکان سەر بە پارێزگای نەینەوان و ناحیەی باعەدرێ، ئەتروش، قەسرۆک و کەلەکچی سەر بە پارێزگای دهۆکن.

17ی ئەم مانگەش بنکەی سەربازی سوپای تورکیا لە ناحیەی زێلکانی سنوری پارێزگای نەینەوا کرایە ئامانج و ژمارەیەک موشەک بەر دەوروبەری بنکەکە کەوتن، سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایگەیاند، موشەکەکان لەدەرەوەی سەربازگەکە کەوتونەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبوە، لەو هێرشەشدا "حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بە ئاڕاستەکردنیان تۆمەتباردەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×