بريكارى وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان: هیچ ئەگەرێک بۆ کشانەوەی دانەغاز له‌كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر لەئارادا نیە
  2022-06-24       880       

بریكاری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند،  هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر كێلگه‌ی غازی‌ كۆرمۆر هیچ زیانێكی گیانی‌و ماددی نه‌بوه‌و به‌رهه‌مهێنانی غازیش به‌رده‌وامه‌. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، هیچ ئەگەرێک بۆ کشانەوەی دانەغاز لەكێڵگه‌كه‌ له‌ئارادا نیە.

ئاوێنه‌: ئه‌حمه‌د موفتی، بریكاری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر كێلگه‌ی كۆرمۆر هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نه‌بوه‌و به‌رهه‌مهێنانی غازیش به‌رده‌وامه‌".

وتیشی‌، "هیچ ئه‌گه‌رێك نیه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی دانه‌غاز له‌كێڵگه‌ی كۆرمۆرو روداوه‌كه‌ پێشتریش هاوشێوه‌ی هه‌بوه‌و چه‌ندجارێكی دیكه‌ش كێشه‌ی ئه‌منیان هه‌بوه‌ و ئێستا له‌ دۆخێكی ئارامدان.

ئه‌حمه‌د موفتی باسی له‌وه‌شكرد، "له‌كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر ئێستا 450 ملیۆن پێسێجا غاز به‌رهه‌مدێت ئه‌وه‌ش له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیانه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با".

ئەمڕۆ هەینی، هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لەناحیەی قادر كەرەمی سەربەقەزای چەمچەماڵ، بەپێی زانیارییەكان هێرشەكە لەڕێگەی موشەكی جۆری كاتیۆشاوە ئه‌نجامدراوه‌.

دوای‌ هێرشه‌كه‌، شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەسەر فەرمانی وەزیری سامانە سروشتیەكان بەسەرپەرشتی ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان گەیشتنە كێڵگەی كۆرمۆڕو لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای دانە غاز كۆبوه‌وەو لەنزیكەوە لەزیانەكانی هێرشە موشەكەكەی‌ بۆ سەر كێڵگەكەی كۆڵییەوە. 

بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەرێگەی یەیجی فەرمی وەزارەتەوە هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كە هێرشەكە زیانی گیانی نەبووەو بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لەكێڵگەكە بەردەوامەو كۆنترۆڵی زیانە ماددییەكان كراوە، هەناردەكردنی گازیش بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە. 

هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاری دامەزراندنی ژورێكی ئۆپراسیۆنەكان درا بەسەرپەرشتی بریکاری وەزارەت‌و ئەندامبونی لایەنە پەیوەندارەکان.

هێرشه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ سه‌ر كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردو (22ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)،  هێرشێكی دیكه‌ی‌ موشه‌كی كرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌كه‌.

هاوكات، په‌رله‌مانتار عەلی حەمەساڵح ده‌ڵێت، كۆمپانیای‌ داناغازو هاوبەشەکانی کێڵگەی غازی‌ کۆرمۆر بەڕێوەدەبەن‌و ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی‌ هه‌یه‌:

▪️یەک: (١٦ هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت) بە تانکەر دەگوازرێتەوەو لە خورمەڵە دەکرێتە بۆری نەوتی هەرێمەوە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی نەوت. 

▪️دوو: ( ١١٠٠ هەزار تەن) غازی ماڵان (LPG) 

ئەمە هی داناغازەو فرۆشتویەتیە کۆمپانیای ساوس کوردستان تەنی بە(٣٢٥ دۆلار) 70% بۆ کارگەکانە بۆ غازی ماڵان و ٣٠٪ بە بازرگانی فەفرۆشرێت.

▪️سێ: (٤٤٠ ملیۆن پێ سێ جا)  غاز بۆ  بەرهەمهێنانی کارەبا.. (١٣٥ ملیۆن پێ سێ جا) بە پارە دەفرۆشرێتە حکومەتی هەرێم و (٣٠٥ ملیۆن پێ سێ جا) بە بێ بەرامبەرە…

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×