ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی و میت لە مانگی حوزەیراندا ٤٥ دانیشتووی عەفرینی داگیرکراویان ڕفاندووە و لانی کەم ٩٠٠ داریان بڕیوەتەوە.
ئاوێنه: بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئامانجی لەناوبردنی سروشت و بازرگانی، ٤٥ هاوڵاتیی ڕفاندووە، کە ژنیشیان تێدایە و زیاتر لە ٩٠٠ درەختیشیان بڕیوەتەوە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، لە شارۆچکەی جەندێرسی سەر بە عەفرینی داگیرکراو، چەتەکانی میت و گروپی چەتەیی ئەلحەمزە، چەتەکانی پۆلیسی سەربازیی و فەیلەق ئەلشام ١٤ هاوڵاتییان ڕفاندووە.
هاوکات چەتەکانی ئەمشات، جەبهەی ئەلشامییە و چەتەکانی پۆلیسی مەدەنی و پۆلیسی سەربازی لە شارۆچکەکانی شیێ، شێراوا، بلبلێ و ماباتا ١١ هاوڵاتییان ڕفاندووە، کە یەکێکیان ژن بووە.
هەروەک لە شارۆچکەی شێراوایش چەتەکانی فەیلەق ئەلشام و چەتەکانی پۆلیسی سەربازی و ١٣ هاوڵاتییان ڕفاندووە.
لە شارۆچکەی ڕاکۆ و ناوەندی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراویش، چەتەکانی میت و ئەحرار ئەلشەرقی و چەتەکانی پۆلیسی سەربازیی حەوت هاوڵاتییان ڕفاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، بەکرێگیراوانی سوپای داگیرکەری تورک زیاتر لە ٩٠٠ دار (زەیتوون و سنەوبەر و دارەکانی دیکە)یان لە سەرتاسەری کانتۆنی عەفرین بەمەبەستی بازرگانیکردن بە دار و لەناوبردنی سروشت بڕیوەتەوە.
ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووتەڕوو، کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چەتەکانی داگیرکەری تورک ٣٤٦ هاوڵاتییان ڕفاندووە، کە ٣٠ کەسیان ژنن و ١٨ کەسیان کوشتووە، هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار و ٥٠٠ داریان بڕیوە و زیاتر لە ٣٠٠ درەختی دیکەیان سووتاندووە و دەیان هێکتار دارستان و ڕەزیان سووتاندووە.