ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: تۆڵەی شەهیدانی گوندی "خدرجیجە" كرایەوە
  2022-07-14       710       

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە هەهاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان توانیویانە "تۆڵەی شەهیدانی گوندی خدرجیجە"ی بناری قەرەچوغ بكەنەوە كە لە مانگی 12ی ساڵی رابردودا لەلایەن داعش هێرشكرایە سەر ئەو گوندەو تێیدا 10 پێشمەرگەو سێ هاوڵاتی كە برای یەكتر بون، شەهیدبون.

ئاوێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە سەپەرشتیاری هێرشەكەی سەر ئەو گوندە كە ناوی "حاچم محەمەد رەشید رەبیع ئەلئیسحاقی) بوە بە ناسناوەکانی (ابو دعا، نبیل، عبدللمھیمن) كە هاوكات جێگری والی دیجلەو سەرپەرشتیاری سەربازیی رێکخراوی داعش  بوە لە سنوری قەرەچوغ و مەخمور، دوای دەستنیشانكردنی شوێنەكەی کە دەکەوتە سنوری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، لە ئێوارەی ٥ی تەموزی ٢٠٢٢ بە ھەماهەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزە عێراقییەکان توانراوە لەگەڵ سێ چەكداری دیكەی داعش بكرێنە ئامانج و بكوژرێن.

بەپێی راگەیەندراوەكە یەكێك لەو چەكدارانەی دیكەی داعش كە لەگەڵ "ئەبو دوعا" كوژراوە، "ناسراوەتەوە بەناوی (ساڵح مەحمود عەتیە ئەلجبوری) کە بە (ئەلنەسەب) بەناوبانگەو ئەمیری مەفرەزەیەکی داعش بوە لە چیای قەرەچوغ."

ھەروەک لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتوە"دوای بەدواداچونی وردو کۆکردنەوەی زانیاریی دروست لەلایەن دامەزروەکانمان لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (ق. ی. ح. ا.) دەستگیربکرێت و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە ئاسانکاریی لۆجیستیکی و ھاوکاریی ئەو مەفرەزانەی تیرۆریستانی داعشی کردوە."

لە راگەیەندراوەكە ڤیدیۆییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا دانپێدانانی ئەو كەسە بڵاوكراوەتەوە كە هاوڵاتییەكی كوردەو باس لەوە دەكات كە چۆن خۆراك و پێداویستی دیكەی گەیاندۆتە "ئەمیرێكی داعش" بەناوی "ئەبو دوعا."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×