ئایدن مەعروف: لە سێ ساڵی رابردودا چەندین سمینارى پەروەردەییمان بۆ پێکهاتەکان ئەنجامدا
  2022-07-22       280       

وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان رایگه‌یاند، لەم سێ ساڵەدا کۆبونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەییەکان (تورکمان و کلدان و سریانى ئاشورى) و پێکهاتە ئاینیەکانى (مەسیحى، ئێزیدى، کاکەیى، صابیئەى مەندائى، شەبەک، فەیلى، زەردەشتى) کردوە، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە داواکارى و خواستى پێکهاتەکان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند، "هەرێمى کوردستان لە چەند پێکهاتەیەکى نەتەوەیى و ئایینى پێک دێت، پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازەکان وایکردوە ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ ناوچەکە، جێگەی دەستخۆشی و شانازییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هۆکاری سەرەکییە لە دروستبون و بەردەوامی ئەم پێکەوەژیانە، ئەمەش وا دەکات سەقامگیرى سیاسی و ئاشتى کۆمەڵایەتى ڕەنگ بداتەوە لە نێو کۆمەڵگە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لەگەڵ دەستبەکاربونیان وەک وەزیری هەرێم بۆ "کاروباری پێکهاتەکان"، لە ماوەى ئەم سێ ساڵ کارکردنیاندا سەردانى مەیدانى شوێنە ئایینى و کلتورییەکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کراوە، بەشێکى زۆرى سەردانەکان بۆ پتەوکردنى پەیوەندى نێوان پێکهاتەکان و پێکەوە ژیانى ئاشتیانە و گوێگرتن لە داواکارییەکانیانى هاوڵاتیانى سەر بە پێکهاتە جیاوازەکان بوە.

ئایدن مەعروف باسی له‌وه‌شكرد، "لەم سێ ساڵەدا کۆبونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەییەکان (تورکمان و کلدان و سریانى ئاشورى) و پێکهاتە ئاینیەکانى (مەسیحى، ئێزیدى، کاکەیى، صابیئەى مەندائى، شەبەک، فەیلى، زەردەشتى) کردوە، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە داواکارى و خواستى پێکهاتەکان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بەشدارى چەندین کۆربەندى ئابورى و کۆنفراسى نێودەوڵەتیمان کرد لە وڵاتى تورکیا و ستراتیژى هەرێمى کوردستان بۆ پێکەوەژیانى ئاشتیانەى پێکهاتەکانى تیایاندا ڕونکراوەتەوە، ئەمە سەرەڕاى ئەنجامدانى چەندین دیدارى میدیاى و کۆبونەوە لەگەڵ وەبەڕهێنەرو سەرمایەدار و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانى بیانى بۆ هاندانى زیاتریان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان .

ئایدن مەعروف ده‌ڵێت، "لە ماوەى ئەم سێ ساڵەدا کۆبونەمان لەگەڵ بەشى هەرە زۆرى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و چالاکوانانى سەر بە پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا، لەسەر ئاستى پەروەردەو فێرکردن، کۆبونەوەمان لەگەڵ سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى و بەڕێوەبەران و مامۆستایانى خوێندنى هەردو بەشى زمانى تورکى و سریانى لەسەر ئاستى ئەکادیمى کردوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بە مەبەستى هۆشیارکردنەوەى سەرجەم تاکەکانى پێکهاتەکان، زنجیرە  پانێلێکمان لە ژێر ناونیشانى (شیکردنەوەى یاساى ژمارە 5ى ساڵى 2015ى یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان) بۆ نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکان و بە مەبەستى زیاتر ئاشنابون بە ماددە و برگەکانى یاساکە، ئەنجامداوە".

رونیشیكرده‌وه‌، "چەندین سمینارى پەروەردەییمان بۆ پێکهاتەى تورکمان و کلدانى سریانى ئاشورى ئەنجامدا و بەردەوام بەشداریمان لە یاد و مەراسییمەکانى ساڵیادى رۆژى رۆژنامەگەرى تورکمان و کلدانى و سریانى و ئاشورى و هەروەها مەراسیمى کردنەوى ماڵى کەڵتورى تورکمانى لە قەڵاى هەولێر کرد، راپۆرتى تایبەتمان بە رەوشى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردوە و زنجیرە کۆبونەوەیەکمان هەر لەم بارەوە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×