قوباد تاڵەبانی: عێراق پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، كارەساتەكەی سەیرانگای پەرەخ روی نەدەدا
  2022-07-23       439       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی بۆردومانەكانی هەرێم، رەخنە لە حكومەتی عێراق دەگرێت و دەشڵێت: لەماوەی چەند ساڵی رابردودا سەروی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبو؟ جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردومان نەدیبایە."

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ(شەممە)، لە پەیامێكدا لەبارەی بۆردومانەكەی ناوچەیەكی گەشتیاریی لە زاخۆ، رایگەیاند"تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبو، هاوڵاتیانی کوردستان دوجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بون بەو روداوە دڵتەزێنە و شەهیدبونی نۆ هاوڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!"

ئەوەشی وتوە"لەماوەی چەند ساڵی رابردودا سەروی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبو؟"

قوباد تاڵەبانی ئاشكراشیكردوە"ئێمە لە رابردودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردومان نەدیبایە."

هەروەها ئەوەشی وتوە"ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر شەهیدکردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر بە شەهیدکرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگای پەرەخ رویدابایە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن."

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی:

لە گەرمای تەموزی بەغداد و باشورەوە هاتبون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و  شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.

تاوانە گەورەکەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەمو هاوڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەمولایەکی تازیەبارکرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەمو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگای پەرەخن.

تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبو، هاوڵاتیانی کوردستان دوجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بون بەو روداوە دڵتەزێنە و شەهیدبونی نۆ هاوڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!

لەماوەی چەند ساڵی رابردودا سەروی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبو؟

ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە.

ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفرۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە!

من دەڵێم خوێنی کەس لەکەسی تر سورتر نییە!

ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر شەهیدکردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبوایە بەرامبەر بە شەهیدکرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگای پەرەخ رویدابایە.

بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم روداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لەیەکیان نزیکبکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی هاوڵاتییەکمان لەهەمو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیان و سەرەوەری خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لەناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی هاوڵاتیانی بێت.

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەکانی ساڵانی رابردو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×