مەزڵوم عەبدی پەیامێکی بڵاوکردەوە
  2022-07-28       1056       

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بارەی بۆردومانیکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راستەوخۆ هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ناوخۆی هەرێمەکە.

ئاوێنه‌: دوای ئەوەی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە عەین عیسا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج و بە هۆیەوە چوار شەرڤان شەهید بوون مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

فەرماندەی گشتی قەسەدە دەڵێت: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەچەکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەمڕۆ بەیانی هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتێکدا دەیانویست لە عەین عیساوە بچن بۆ کامپی کۆچبەرانی گرێسپی، لە ئەنجامدا ٤ شەرڤان شەهیدبوون.

 عەبدی وتوشیەتی، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی شارەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کامپەکانی کۆچبەران و زیندانیەکانی داعش، هەر بۆئە ئەم بە ئامانجگرتنە راستەوخۆ هەڕەشەیە لە ئاسایشی هەرێمەکە.

 فەرماندەی گشتی قەسەدە وتیشی: لە ٢٠ی ئەم مانگەوە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ٩ شەرڤانی قەسەدە و ٤ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ١٣ هاوڵاتی مەدەنییان کردووەتە ئامانج، هێرشەکاکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەچەکی تورکی زیادی کردووە و چیتر کۆمەڵگای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕێکخراوەکانی کە بۆ پاراستنی ئیستقراری هەرێمەکە کار دەکەن دەکەنە ئامانج.

فەرماندەی قەسەدە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاورێیانی ئەو چوار ئەندامەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وتیشی: ئەم هێرشە ئێمە لە پاراستنی خاک و گەلی خۆمان دو ناخاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×