مستەفا كازمی و بەرهەم ساڵح دۆخی عێراق تاوتوێ دەكەن
  2022-08-03       431       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیەكی نێوانیاندا دۆخی عێراقیان تاوتوێ كردو جەختیان لە پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و هێوركردنەوەی دۆخەكەو گەیشتن بە گفتوگۆی جددی و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكە كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە  لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە بارودۆخی گشتی وڵات و بەتایبەتی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییە و جەختکرایەوە لە پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و هێوركردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە دیالۆگ و گفتوگۆی جددی و کۆتایی هێنان بە قەیرانەکە و دامەزراندنی نەخشە رێگایەکی رون بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیان و هێنانەئاراوەی داوا رەواکانی خەڵک."

بەپێی راگەیەندراوەكە "دوپاتکرایەوە لەگرنگی دەستەبەرکردنی سازان و یەكدەنگی و یەکڕیزی نیشتمانی و پتەوکردنی نێوماڵی ناوخۆیی و بەرگرتن بەوانەی كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكان پەلاماری وڵات بدەن، هەروەها جەختکرایەوە کە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی تیرۆر و پشتیوانیکردن لە هێزە ئەمنییەکان بکرێت لە پێناو ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×