تەندروستی یەكێك لە زیندانیانی بادینان تێچكوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە
  2022-08-04       386       

ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، تەندروستی شڤان سەعید، یەكێك لە زیندانیانی بادینان لە زیندان تێكچوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئاوێنە: ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكی كورتدا ئاماژەی بەوەداوە كە "دۆخی تەندروستی مەلا شڤان سەعیدی برام لەناو زیندان تێكچوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر."

ئەیهان سەعید ئاماژەی بەوەشداوە كە "سەلامەتی براكەم و هاوڕێكانمان لە زیندان لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە، پێویستە بەزوترین كات بابەتی ئازادكردنی بەمەرج بیانگرێتەوەو ئازادبكرێن."

بەپێی راگەیەندراوێكی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPT، لە ٢١ی تەموزەوە، چالاكوانانی زیندانیكراوی بادینان، ئەمجەد یوسف، كۆڤان تاریق، یوسف شەریف، مەحمود ناجی و نێچیر بەدیع لە زیندانی چاكسازی گەورانی ھەولێر مانیان لە خواردن گرتوە، ئەوەش وەك دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ھەرێم لەھەمبەر ڕێگریكردن لە بڕیاری ئازادكردنی مەرجدار بۆ ئەو زیندانیانە كە دەبو لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە ئازادبكرێن.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لەپاڵ ئەو پێنج زیندانییەی شیلادزێدا، ١٠ زیندانی تری بادینان و ٤٢ زیندانی تری چاكسازی گەورانی ھەولێر بۆ ھەمان مەبەست مانگرتنیان ڕاگەیاندوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، تەواوی ئەو زیندانیانە بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی كوردستان سزادراون كە پەیوەستە بە "زیانگەیاندن بە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری خاكی ھەرێمی كوردستانی عێراق"ەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×