"دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، بەهۆی ناکۆکیی لایەنە کوردییەکانە لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار"
  2022-08-14       578       

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامری دەڵێت، درووستبوونی ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا و پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، بەهۆی ناکۆکیی لایەنە کوردییەکانە لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئاوێنە: حەییانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشێکی گەورەی ئۆباڵی درووستبوونی قەیرانی چەقبەستوویی سیاسیی و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەئەستۆی پارتە کوردییەکانە کە نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون.

باسی لەوەشکردووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران چاوەڕێ دەکات هەردوو پارتی کوردیی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون بۆئەوەی بڕیار بدات دانیشتنێکی ئەنجوومەنەکە لە دەرەوەی بەغدا یان لەیەکێک لە پارێزگاکان گرێ بدات.

حەییانی دەڵێت ماددەی ٢١ی دەستوور ڕێگە دەدات ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بۆ بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەت، دانیشتنەکانی لەدەرەوەی بەغدا گرێ بدات .

بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەغدا، ئەنجوومەنەکە توانای گرێدانی هیچ کۆبوونەوەیەکی نییە، هەربۆیە یەکێک لە بژاردەکانی بەردەوام لایەنە سیاسییەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت بریتییە لە سازکردنی کۆبوونەوەی پەڕلەمان لەدەرەوەی بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×