گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و پراگ ده‌ستپێده‌كات
  2022-08-15       619       

کونسوڵخانەی وڵاتی چیک لە هەولێر ڕایگەیاند، لەمەودوا گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و پراگی پایتەختی چیک دەکرێتەوەو ئاسانكاریش دەكەن لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: کارێل کۆرتانێک، کونسوڵی گشتی چیک لە هەولێر، ئەمڕۆ دوشەممە، لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڵای ئەربیل له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبەشدا باسیان له‌ده‌ستپێكردنی گه‌شتی راسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و پراگی پایتەختی چیک كرد.

کارێل کۆرتانێک، کونسوڵی گشتی چیک لە هەولێر له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند، "دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و بوار بۆ زۆر کار و پیشە دەڕەخسێنێت".

ئاماژەی بەوەشدا دەستپێكردنی گەشتەكان لە لە 10ی(تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵەوە ده‌بێت.

ئەوەشی خستەڕو، دەستپێکردنی گەشتەکان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی.

هاوکات سەبارەت بە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کونسوڵی چیک ڕایگەیاند، "ئاسانکاری دەکەین لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان."  

لای خۆیه‌وه‌ بەڕێوه‌بەری جێبەجێکاری کۆمپانییای فڕۆکەوانی فڵای ئەربیل له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند، دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ بەرپرسانی کۆمای چیک و کونسوڵی وڵاتەکە، برپرسانی هێڵی فڕۆکەوانی مەدەنی چیک ڕەزامەندیانداوه‌ بە دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و پراگ، هەمو ئاسانکاریەکی وەرگرتنی ڤیزەش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، "ئەم بڕیارە هەرێمی کوردستان بە وڵاتی چیکەوە دەبەستێتەوە کە دەبێتە دەروازەییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕوی جیهاندا".

چیک لە ناو لیستی وڵاتانی شینگنە، لە باشورەوە لەگەڵ نەمسا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەڵمانیا، لە باکوری رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پۆڵەندا و لە باشوری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سلۆڤاکیا هاوسنورە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×