عەلی حەمە ساڵح: نوسراوێکی پارێزگاری سلێمانی بەکارهێنراوەو هەزاران پارچە زەوی پێ تەخشان و پەخشان کراوە
  2022-08-18       766       

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، 65 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی بێ فەرمانی وەزاری و ڕێوشوێنە یاساییەکان، بە شۆفڵ و گرێدەر مەتر مەتر کراون و فرۆشراون، دەشڵێت: نوسراوێکی پارێزگاری سلێمانی خراپ بەکارهێنراوە و هەزاران پارچە زەوی پێ تەخشان و پەخشان کراوە.

ئاوێنە: عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند"زەوی داگیرکردن لە سلێمانی جیاوازە لە ناوچەکانی تر، لە ناوچەکانی تر مۆڵەت وەردەگیرێ و شتەکان بە ناوی وەبەرهێنانەوە دەکرێن، لە کاتێکدا لە سلێمانی شۆفڵ و گرێدەر هێنراوەو پارچە زەویەکی گەورە کراوەتە دەیان پارچە زەوی دوسەد مەتری و فرۆشراون، بێ ئەوەی ئەم زەوییانە، مۆڵەت و فەرمانی وەزاری و هیچ پێشینەیەکیان هەبێت."

ڕونیشیکردەوە، لە هەولێر زەوی گرانبەها، بۆ نموونە زەوییەک لە بەرامبەر فرۆکەخانە هەبو، ئەم زەوییە نادرێتە کەس، گەر سەد ساڵیش داوای بکات، وتی"ئەم زەوییە 682 دۆنمە و بەهاکەی نزیکەی دو ملیار دۆلارە، دێن مۆڵەتێکی وەبەرهێنانی بۆ وەردەگرن، ئەیکەنە پرۆژەی وەبەرهێنان و ڤێلا، هەر ڤێلایەک بە دو بۆ چوار ملیۆن دۆلار دەیفرۆشن، واتە ئەمە بە یاسایی کراوە، بەڵام یاساکە تەنها بۆ ئەو هەیە، لەکاتێکدا ئەمەی لە سلێمانی کراوە فەوزایە."

بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح، تا ساڵی ڕابردو، 45 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی لەلایەن کەسانی سەربازی و ئەمنییەوە فرۆشراون، ئەمساڵیش نزیکەی 20 هەزار پارچە زەویتر فرشراوە یان دەستی بەسەرداگیراوە، هەمو ئەمانە بەناوی شەهیدانی شەڕی داعشەوە کراون، لە کاتێکدا ژمارەی شەهیدانی داعش ناگاتە 700 کەس.

وتیشی"نوسراوێکی پارێزگاری سلێمانی هەیە، کە زەوی دابەشکردن دەسەڵاتی پارێزگار نییە، کەچی هەر لەخۆیەوە نوسراوێکی کردوە بۆ فەرماندەیی و وتویەتی، زەوی دابەش بکەن بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، ئەم نوسراوە بەکارهێنراوە و هەزاران پارچە زەوی پێ تەخشان و پەخشان کراوە، نوسراوەکەشی لامە، نە ناوی تێدایە، نە شوێن، نە ڕوبەری زەوی، بۆیە بەم نوسراوە هەزاران پارچە زەوی تەخشان و پەخشان کرا."

سەبارەت بە وەڵامی پارێزگار بۆ ئەو نوسراوەی کە کردویەتی و خراپ بەکارهێنراوە و زەوی دابەشکردن دەسەڵاتی ئەو نییە، عەلی حەمە ساڵەح وتی"بەدواداچونمان کردوە، وتویەتی ئەوە بۆ شەهیدانی شەڕی داعش بوە، نوسراوەکەم دایە داواکاری گشتی، بەڵام ئەمە لە لوتکەی دەسەڵات و هێزی ئەمنی و سەربازییەوە کراوە."

عەلی حەمە ساڵەح وتیشی" کێشەکە تەنها مەتر مەترکردنی 65 هەزار پارچە زەوی و دابەشکردنی نییە، بەبێ تاپۆ و پێشینەی یاسایی، یان مەسەلەکە تەنها خۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک بەرپرس نییە، یەک دو ساڵی تر، کێشەی گەورەتری بە دوادا دێت، زەوی هەیە چوار جار فرۆشراوە، دو سبەی ئەم دێت دەڵێ هی منە و ئەو دەڵێ هی منە، ئیشەکەیان زۆر بە بێ بەرنامە کردوە."

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیکردەوە"دو ساڵە بەدواداچون بۆ ئەم مەسەلە دەکەم، هیچ بەرپرسێکی حکومی ئامادە نییە قسەی لەسەر بکات، هەموی خۆی لێ لادەدات."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حەمە ساڵەح پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، زەوی هەیە لە هەولێر 400 دۆنمە، گەر حکومەت بیفرۆشێت لەوانەیە 500 ملیۆن دۆلار بکات، کەچی بە یاسا و بەناوی وەبەرهێنانەوە دەیدەنە بازرگان، بەڵام نەک هەمو بازرگانێک، وتی"بەناوی پرۆژەی نیشتەجێبونەوە، بە بەهای نزیکەی 20 ملیار دۆلار زەوی دراوەتە پرۆژە و چەند کەسێکی پێ دەوڵەمەند بوە، لەکاتێکدا لە هیچ شوێنێکی دونیا نیشتەجێبون وەبەرهێنان نییە، زەوی بێبەرامبەر بدەیتە خەڵک، بیکاتە ڤیلاو شوقە و بە پارەی خەیاڵی بیفرۆشێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×