ئیبراهیم ڕەئیسی: کێشەکان لە عێراق تەنھا بە گفتوگۆی نێوان سەرجەم رەوتە سیاسییەکان چارەسەر دەبن
  2022-08-30       437       

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکۆماری ئێران رایگەیاند کە تەنھا لە رێگای گفتوگۆی نێوان سەرجەم رەوتە سیاسییەکانی عێراق، کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبن.

ئاوێنه‌: ئاژانسی ھەواڵیی "ئیرنا" بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە کە تەنھا لە رێگای گفتوگۆی نێوان سەرجەم رەوتە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و بە مەبەستی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبن و ئاماژەی بەوەیشداوە کە رۆڵی مەرجەعییەت لەوبارەیەوە زۆر گرنگە.

راشیگەیاندووە، سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەیشداوە کە دەستپێشخەرییەکانی عێراق بۆ باشترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بێ دەستوەردانی دەرەکیی، کاریگەر دەبن بۆ پتەوترکردنی ھەماھەنگییەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی.

باسی لەوەش کردووە کە ئیبراھیم رەئیسی ئەنجامدانی پێنج گەڕی گفتوگۆی نێوان ئێران و سعوودیە بە نێوەندگیری عێراق، بە سوودبەخش وەسف کردووە و جەختیشی کردووەتە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ تەواوبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو، رێگا خۆش دەبێت بۆ پتەوترکردنی کارلێکەکان.

ئەوەیشی خستووەتە روو کە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ستایشی پاڵپشتییەکانی ئێرانی کردووە بۆ بەقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە.

جێگای ئاماژەیە دوێنێ دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەردانێک گەیشتە ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×