ئەنجوومەنی ئاسایش: کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێر لە رێگەی دوو بۆمبی لکێنراوەوە بووە
  2022-10-07       564       

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رووداوی تەقینەوەی "دوو بۆمبی لکێنراوی" بە ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێکی پێشووی دژەتیرۆری یەكێتی لە هەولێر بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، بکەرانی رووداوەکە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
 
ئاوێنه‌: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ هەینی 07-10-2022 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "کردەوە تیرۆریستییەکەی گەڕەکی سەربەستیی هەولێر لە رێگەی دوو بۆمبی لکێنراوەوە" بووە کە بە ئۆتۆمبێلی هاوکار عەبدوڵڵا رەسوڵ، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی لکێنرابوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "ئەمڕۆ هەینی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، کاتژمێر 12:20ی پاشنیوەڕۆ، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ناوی هاوکار عەبدوڵڵا رەسووڵ، کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو دەزگای زانیاری ئەرکەکەی خۆی گواستبوویەوە بۆ شاری هەولێر، لە رێگەی دوو بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کرایە ئامانج و بەداخەوە شەهید بوو، هاوکات چوار سەرنشین کە لە هاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی پێک هاتبوون، بریندار بوون."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان "زۆر بە تووندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە"ی سەرکۆنە کرد و راشیگەیاند کە لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەوە دەستیپێکردووە و بکەرانی "ئەم کردەوە تیرۆریستییە" بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن. 
 
دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ هەینی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، کاتژمێر 12:20ی پاشنیوەڕۆ، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ناوی هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو دەزگای زانیاری ئەرکەکەی خۆی گواستبوویەوە بۆ شاری هەولێر، لە رێگەی دوو بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کرایە ئامانج و بەداخەوە شەهید بوو، هاوکات چوار سەرنشین کە لە هاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی پێک هاتبوون، بریندار بوون.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە سەرکۆنە دەکات و، لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەوە دەست پێ کردووە و بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
7ی تشرینی یەکەمی 2022.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×