پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە: دڵنیابن تۆڵە دەکەینەوە
  2022-10-21       955       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەشداری پرسەی نەقیب زوهێر محەمەدی کرد و ڕایگەیاند، "خوێنی شەهید و بریندارەکان بەهەدەر ناچێت و بەدڵنیاییەوە تۆڵەی دەكەینەوە."   

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی 21-10-2022، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی، فەرماندەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و ھێزی کۆماندۆی کوردستان لە شاری کەرکوک بەشداری لە پرسەی نەقیب (زوهێر محەمەد) كرد.  

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەکەی، ‏‎لەمیانی بەشداریكردن لە پرسەكەدا، بافڵ تاڵەبانی لەنزیكەوە پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی سەربەرز و تێكۆشەری شەهید زوهێر كرد و رایگەیاند، "لەدەستدانی ئەو پێشمەرگە تێكۆشەرە و برینداربوونی هەڤاڵەكانی، لە دڵەوە ئازاری داین، دڵنیاتان دەكەمەوە خوێنی كاكە زوهێر بەهەدەر ناچێت و تۆڵەی دەكەینەوە."   

ئاماژە بەوەشکراوە، بافڵ تاڵەبانی ستایشی هەوڵەكانی هێزی كۆماندۆی كوردستانی کرد بە فەرماندەیی ئاكام عومەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پاراستنی سەقامگیری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و وتی، "هێزی كۆماندۆ جێی ئومێدی هەموومانە و هیوادارم بەزووترین كات تەندروستی برا و ئازیزم فەرماندە ئاكام و هاوسەنگەرانی بەرەو باشبوون بچێت و بگەڕێنەوە سەر ئەرك و بەرپرسیارێتی نیشتمانییان."   

بافڵ تاڵەبانی روونیشیكردەوە، " ئەو رووداوە نەخوازراوە هەموومانی نیگەران كرد، بەڵام سوورترمان دەكات لە بەردەوامیمان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پاراستنی ماڵ و ژیانی خەڵك و مێژووش شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدات كە كوردستانمان بەخوێنی خۆمان پاراستووە."   


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×