یەكێتی: بۆ وەرگرتنی بەركەوتەی خۆمان لە حكومەتی عێراق، رومان لە سودانییە نەك پارتی
  2022-10-24       762       

ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، رایگەیاند، پشكی حزبەكەی لە حكومەتی نوێی عێراق دو وەزارەتەو بۆ وەرگرتنی ئەو پشكەش رویان لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە نەك لە پارتی. دەشڵێت، خۆ ئەم حكومەتە حكومەتی پارتی نییە تا داوای وەزارەتی لێبكەین.

ئاوێنە: ستران عەبدوڵا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی رایگەیاند، بەشێکی زۆری پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا لەسەر دو بنەمایە، ھەم لەسەر دەنگ و ھەم لەسەر سەنگ، واتە ھەم لەسەر ژمارەی کورسییەکان و ھەم لەسەر سەنگی سیاسی لایەنە سیاسییەکانیش.

وتیشی: بەگوێرەی ئەو بەرکەوتنانە بێگومان چوار وەزارەت بەر کورد دەکەوێت و لەناو کوردیشدا وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە دو وەزارەت شایستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

ستران عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد"قسە و قسەڵۆک زۆرە وەکو چۆن لە مەسەلەی سەرۆکایەتی کۆماردا ھەمان ئەو گەڤکردن و خۆگیڤکردنەوەیە ھەبو، بەڵام سەرەنجام پۆستەکە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی بوەوە، پێمان وایە بۆ مەسەلەی بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتەکانیشدا سەرکەوتو دەبین."

تەئکیدیشی کردەوە كە "لە وەرگرتنی کۆی بەرکەوتەی کورد لەم حکومەتە یان وەرگرتنی ئەم چوار وەزارەتە پێکەوە بوینایە ئەوە داخوازییەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بو خوا ئەوانە بگرێت کە جێبەجێیان نەکرد."

راشیگەیاند کە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بوارەدا خۆی بە کەمتەرخەم و نازانێت، بۆیە ئێمە لە بەرکەوتەکەی خۆمان رومان لە سەرۆکی وەزیرانی راسپێردراوە، روومان لەدەستی دوەم نییە، بۆچی وەزارەت لە لە پارتی وەربگرین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×