پۆلیسی تورکیا دەچێتە سەر ماڵی هەشت رۆژنامەنوسی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا لەگەڵ دەستگیرکردنیان دەست بەسەر نوسینگەی ئەو ئاژانسەشدا دەگرێت.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئەنقەرە دەستیان بەسەر ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیادا گرت و ژمارەیەک پەیامنێر و کارمەندی ئەو ئاژانسەکەیان لە شارەکانی باکوری کوردستان دەستگیر کرد.
ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە دژی ئاژانسەکەیان کراوەتەوە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سەرەڕای دەستبەسەراگرتنی ئۆفیسەکانیان ژمارەیەک کارمەندیشیان دەستگیر کردوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئامەد و وان و روحا لە باکوری کوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەیامنێرانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و شەش پەیامنێر دەستگیر کراون.
لە ئیستانبوڵیش پۆلیس هەڵیکوتاوتە سەر ماڵی سەرنوسەری ئاژانسەکە و دەستگیریان کردوە.
ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، ئاژانسێکی هەواڵی کوردی کە لە ساڵی 2017 دامەزراوە و نوسینگەی سەرەکیی ئەو ئاژانسە لە شاری ئیستانبوڵە لە تورکیا، ئاژانسەکە بە زمانی کوردی و تورکی و ئینگلیزیی هەواڵ و راپۆرت بڵاو دەکاتەوە.