ساڵح موسلیم بۆ پارتی: تاوانەكانی دوژمن مەشارنەوە
  2022-10-28       908       

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە ڕایگەیاند، ئەو بریندارانەی كە بەهۆی هێرشی چەكی كیمیایی توركیاوە بریندار دەبن، بەشاراوەیی چارەسەریان بۆ دەكرێت، هاوكات داوا لە پارتی دەكات “تاوانەكانی دوژمن نەشارنەوە."

ئاوێنە: ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز رایگەیاند، توركیا لە رۆژئاوای كوردستانیش چەكی كیمیایی بەكارهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین و لە ساڵی ٢٠١٩ لە سەرێكانیش بەكاریان هێنا، بەڵام تائێستا بێدەنگی لێكراوە، ئێستاش هەمان شت ڕودەدات، هەمو جیهان لەم بارەیەوە بێدەنگە، ئەگەر لە شوێنێكی تردا ڕوبدات، جیهان هەڵدەستا، بەڵام كاتێك توركیا ئەمە دەكات كەس گرنگی پێنادات لەكاتێكدا توركیا هەمو یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەكان پێشێل دەكات.

هاوسەرۆكی پەیەدە وێڕای ئاماژەدان بە شەهیدبوونی ٤٧ گەریلا لە ئەنجامی هێرشە كیمیاییەكاندا، وتیشی: تاوانێك دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، نابێت كەس بێدەنگ بێت، بەڵام كەس دەست بە لێكۆڵینەوەش ناكات، هەندێك كەس ویستیان بچن لێكۆڵینەوە بكەن، بەڵام پارتی ڕێگری لێكردن.

ساڵح موسلیم ئەوەشی خستەڕو، قوربانیانی چەكی كیمیایی لە نەخۆشخانەكاندا بە نهێنی چارەسەر دەكرێن، ڕێگەیان پێنادرێت لەگەڵ كەسانی تردا قسە بكەن و یەكتر ببینن.

ئاماژەی بەوەش كرد، "هەزار و ٢٠٠ دەمامك دژی گازی ژەهراوی بۆ گەریلا نێردراوە، ئەمە بۆ جەنگ نەبو، ئەمە بۆ پاراستن بو لە چەكی كیمیایی، تۆ (پارتی) هەڵدەستیت و دەستیان بەسەردا دەگریت."

وتیشی"پەدەكە بەس بیر لەوە دەكاتەوە كە چەند نەوت بفرۆشێت و چەند پارە قازانج بكات، شەرەفی گەلی كورد لە خەمی پارتیدا نییە، پارتی لەبەرچاوی هەمو كەسێك خیانەت دەكات، ئەمە شەرمێكی زۆر گەورەیە، میت لەوێ بە كەیفی خۆی هەمو شتێك دەكات. گەریلا ئەوانیش دەپارێزێت كەچی هەڵدەستن دەرگاكەیان بۆ دوژمن دەكەنەوە."

ساڵح موسلیم لەبارەی بۆردومانەكەی زاخۆ، وتی"ئەو كاتە عێراق جیهانی هێنایە سەرخەت، پرسەكەی بردە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دواتر پارتی چوە بەغدا و بە خانەوادەكانی وت ‘نەچن بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان، هەرچیەكتان دەوێت، بۆتانی دەكەین’ و ویستی خانەوادەكان بێدەنگ بكەن، كوشتنی ئەو هاوڵاتییە عەرەبانە لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بەڵام تو دەتەوێت بێدەنگی بكەیت، ئەمڕۆ براكانت دەكوژرێن، بەڵام تۆ بێدەنگی، باشە ئەمە شەرم نییە؟ بۆچی تاوانی دوژمن دەشاریتەوە؟ بۆچی ئەم شتانە دەكەیت؟"

هاوسەرۆكی پەیەدە دوپاتیشی كردەوە"لە بەكارهێنانی درۆنەكاندا، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و بۆمبی تاكتیكی ئەتۆمی هەموان هاوبەشن، توركیا بە تەنها ناتوانێت دروستیان بكات، دیارە كە لایەنێك ئەم چەكانەی دەداتێ، بێ ڕێگەپێدانی هەندێك لایەن ناتوانێت بەكاریان بهێنێت. بۆیەش بە ئاشكرایی پێیان دەڵێین كە ‘ئێوە هاوبەشی تاوانەكانی توركیان’. "

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×