خوێندنی باڵای هەرێم ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی هەڵدەوەشێنێتەوە
  2022-10-31       515       

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەی خۆیدا، چەند بڕیارێكی دەركرد كە یەكێك لەوانە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبییە. دەشڵێت، كاردەكەن بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی "تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی" بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، بە سەرپەرشتى ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنی وەزارەتەكە بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى، كۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، لە بەشێکى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵوەشاندەوەو وتوشیەتی"کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لەقۆناغی دوانزەی ئامادەیی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت."

هەروەها وتوشیەتی"لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیاو ئارەزو و توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچوانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education)."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بە یەکخستن و ڕێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان و لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لەسەرجەم زانکۆکاندا دەکەن."

هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى دەربارەى دۆخى زمانى کوردى لە ناوەندە پەروەردەیى و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەندکراوەو بەپێی راگەیەندراوەكە "بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×