هەنگاو: لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا 61 هاوڵاتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون
  2022-11-07       397       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاشكرایكرد، لەماوەی 50 رۆژ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی ئێراندا، تا ئێستا 61 هاوڵاتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و نزیكەی پێنج هەزار هاوڵاتی كوردیش بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان برینداربون و زیاتر لە چوار هەزاری هاوڵاتیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكان دەستبەسەرو ڕفێندراون.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە کۆی ئەو ٦١ هاوڵاتییە كوردەی لەماوەی خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، ٥١ حاڵەتیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان، 5 حاڵەتیان لەژێر ئەشكەنجە، 4 حاڵەتیان بەهۆی لێدانەوە لەكاتی خۆپیشاندانەكان و  گیانیان لەدەستداوەو هەوەرها 1 حاڵەتیشیان بەهۆی بەركەوتنی گازی فرمێسكڕێژ گیانی لەدەستداوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە كە لەو ٦١ هاوڵاتییە کوردە گیانبەختکردوە، ٥٣ کەسیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ٨ کەسی دیکەیان لە شارەکانی دیکەی ئێران کوژراون.

ئاشكراشیكردوە، لە کۆی ئەو ٦١ کەسە، ٨ کەسیان ژن و ١١ کەسی دیکەیان تەمەن خوار 18 ساڵ بون.

رێكخراوەكە لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە ماوەی دەستپێکی خۆپیشاندانەکان هەتا ئێستا نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی كورد لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان برینداربون و لەوانە پێنج كەسیان لە شارەکانی ورمێ، ئیلام، سەقز، سنەو تاران لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوەو هەروەها دۆخی ٢٠ کەسییان مەترسیدارە.

هەر بەپێی راپۆرتەكەی ئەو رێكخراوە، لەماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردو و لە سەرەتای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكان دەستبەسەرو ڕفێندراون و وتوشیەتی"هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ٩٤٠ کەسیان ئاشکرا بکات، کە لەو ڕێژەیە ١٣٣ کەسیان ژن و ٧٩ی دیکەیان منداڵن(خوار 18 ساڵ)."

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان، دەستبەسەرکراوان بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدان."

رێكخراوەكە جەختی كردۆتەوە كە "ئاماری بەردەستی هەنگاو تەنیا ئەو حاڵەتانەیە کە توانیومانە بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ بنەماڵەی کوژراو و بریندارەکان پەیوەندی بگرین و وێنەو بەڵگەکانی بەردەستمان بە بەراوردکردن لەگەڵ زانیارییەکانی ئەوان پشتڕاست بکەینەوە. هەربۆیە باوەڕمان وایە، لەکاتی باشتربونی دۆخی ئینتەرنێت و هەروەها بڕیاری بنەماڵەکان بۆ میدیایی کردنەوەی هەواڵی برینداری و کوژرانی کەسە نزیکەکانیان، ئامارەکان زۆرتربن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×