"مەسرور بارزانی بە لاهور شێخ جەنگی وتوە؛ بۆمان دەرکەوت تۆ بەمەردی روبەڕوی ئێمە وەستاویت"
  2022-11-08       1697       

كەسایەتییەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، ناوبراو لە دوای روداوەكانی 8ی تەمموزی نێو خۆی یەكێتییەوە، دو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەنجامداوەو ناوەڕۆكی هەردو پەیوەندییەكەش ئاشكرادەكات.

ئاوێنە: د. بەختیار شاوەیس، كەسایەتیی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ لە نوسینێكدا لەژێر ناونیشانی "سەرنجێک لەسەر پیرۆزباییەکەی لاهور شێخ جەنگی"، وتویەتی"لەدوای ٨ی تەمموزەوە، دوجار لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە."

بەپێی قسەی د. بەختیار شاوەیس، یەكەم پەیوەندی تەلەفۆنییان لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بوەو ئەوەش لەسەر داوای مەسرور بارزانی كە "ئەویش وەک خۆی وتویەتی لەسەر داواکاری باوکی(واتە مەسعود بارزانی) بوە."

بەختیار شاوەیس نوسیویەتی"لەو پەیوەندیەدا زۆر بەراشکاوی هەردولا قسەیان کردوە، سەرۆکی حکومەت بە لاهور شێخ جەنگی وتوە، بۆمان دەرکەوت تۆ بەمەردی و بەراشکاوی روبەڕوی ئێمە وەستاویت و لەوانە نەبویت کە بەئاشکرا شتێک بڵێی و لەپشتەوە شتێکی تر بکەیت و جەنابی باوکم سڵاوی هەیە و دەڵێ لەئێستادا هەر کارێک بەئێمە بکرێت هاوکارین."

د. بەختیار شاوەیس ئاماژەی بەوەداوە كە مەسرور بارزانی پێشنیاری ئەوەی بۆ لاهور شێخ جەنگی كردوە كە ئەو پاسەوانانەی كە موچەیان بڕاوە، ئەوان بۆیان بگەڕێننەوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەوەی رەتكردبوەوە.

بەگوێرەی قسەی د. بەختیار شاوەیس پەیوەندی تەلەفۆنیی دوەمیان "بەکاتژمێرێک لەدوای شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف بو لەمانگی 10ی ئەمساڵ" كاتێك "لاهور شێخ جەنگی نامەیەک بۆ مەسرور بارزانی دەنێرێ و دەڵێ دەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم سەبارەت بەوەی کە ئێستا رویداوە. دواتر راستەوخۆ مەسرور بارزانی پەیوەندی بەلاهور شێخ جەنگی دەکات و کاک لاهور دەڵێ؛ هاوکار ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان بوە، 20 ساڵە خزمەتی هەیە لەناو هەولێرو بەڕۆژی نیوەڕۆ لەبەرچاوی هێزەکانی ئاسایش وای بەسەرهاتوە، بۆیە ئێوە لێی بەرپرسن و دەبێت بەجدی ئیجرائات بکەن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کەلەپشت ئەم کارەوەیە."

لەوەڵامدا بەپێی قسەی د. بەختیار شاوەیس، مەسرور بارزانی وتویەتی"ئەوە قبوڵکراو نییەو وەعد بێت قسوری ناکەین و دەبێت بیاندۆزینەوەو ئاشکرایان بکەین."

د. بەختیار شاوەیس لەبارەی پیرۆزباییەكەی دوێنێی لاهور شێخ جەنگی بۆ مەسرور بارزانی و پارتی بە بۆنەی كۆنگرەی پارتییەوە، وتویەتی"لەناوەڕۆکی پەیامی پیرۆزباییەکەدا، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت بەهەموان بڵێ کە پەرتەوازەیی گەورە لەنێوان پەیوەندییەکانی هێزە سیاسییەکان (پارتی و یەکێتی بەتایبەتی) هەیە و مەترسیەکی جدی دەبینێت لەسەر دۆخی ئیداریی هەرێم و بەهەدەردانی دەسکەوتەکان. هەر لەبەر ئەمەشە خودی پیرۆزباییەکەی کردوەتە بیانوو بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم مەترسیە جدیە بداتە بەرگوێی سەرکردایەتی نوێی پارتی و لەرێگەی ئەمانیشەوە بۆ هەمو حیزبەکان و خەڵکی کوردستان رون بکاتەوە."

د. بەختیار شاوەیس وتوشیەتی"لەدوای ئەمە کۆمەڵێک پەیجی چەندینجار کڕراو و فرۆشراو یان هەندێکی کەم لەتەسکبینی سیاسی کە ئەلف و بای سیاسەت نازانن ، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەداری کلۆردا دۆزیبێتەوە کەوتنە ئیدیعای ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی لەپارتی نزیک بوەتەوە و دەیەوێ بەوئاراستە بڕوات."

جەختیشی كردۆتەوە "ئەگەر بە پیرۆزبایی بێت ئەوا دەبێت هەمو کوردستان و عیراق بوبن بە پارتی و پێمان نەزانیبێ چونکە هەریەک لەمانە پیرۆزباییان لەپارتی و مەسعود بارزانی و کورەکەی کردوە: عەلی باپیر، سەلاحەدین بەهائەدین، یەکێتیی، حەمەی حاجی مەحمود، شویعی، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەی ئیسلامی، کۆمۆنیستەکان، حیزبی دیموکراتی ئیران، کۆمەڵە، پژاک، هەدەسە، پەکەکە، یەپەژە، هەدەپە، محەمەد شیاع سودانی، حەلبوسی، خەنجەر، کازمی، هادی عامری، عادل عبدالمەهدی، مالکی، سامەرائی.... هتد. کە زۆرێک لەمانە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسیان بەتوندی دژایەتی پارتیان کردوە و ئێستا پیرۆزباییان ناردوە."

دەقی نوسینەكە:

سەرنجێک لەسەر پیرۆزباییەکەی لاهور شێخ جەنگی

د.بەختیارشاوەیس

(١)

سەرەتایەکی پێویست

لەدوای ٨ ی تەمووزەوە، دووجار لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە.

جاری یەکەم لەمانگی پێنجی ئەمساڵ بوو، مەسرور بارزانی داوای کرد ئەو پەیوەندیە ئەنجام بدرێت و ئەویش وەک خۆی وتویەتی لەسەر داواکاری باوکی بوە. لەو پەیوەندیەدا زۆر بەراشکاوی هەردوولا قسەیان کردوە، سەرۆکی حکومەت بە لاهور شێخ جەنگی وتوە ، بۆمان دەرکەوت تۆ بەمەردی و بەراشکاوی رووبەرووی ئێمە وەستاویت و لەوانە نەبوویت کەبەئاشکرا شتێک بڵێی و لەپشتەوە شتێکی تر بکەیت و جەنابی باوکم سڵاوی هەیە و دەڵێ لەئێستادا هەر کارێک بەئێمە بکرێت هاوکارین، تەنانەت پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە بەوپێیەی تۆ لەئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانیت با ئەو پاسەوانانەی کەموچەیان براوە لێرەوە موچەکانیان بۆ بگەرێنینەوە. لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی سوپاسی پەیوەندیەکەی کردبوو ، وە وتبووی؛ من کيشەی ناوخۆیی حیزبیم هەیە و یەکێتیی بەهی خۆم دەزانم و منیش کوری ئەو حیزبەم، کێشەکەم بردوەتە بەردەم دادگا و چاوەرێی یاسا دەکەم، بۆ موچەی پاسەوانەکانیش بەسوپاسەوە رەتیکردبویەوە. بەڵام لەسەر گلەییەکانی مەسرور بارزانی لە لاهور شێخ جەنگی بەوەی کە دژی حکومەتەکەی ئەون، لاهور شێخ جەنگی وتبووی ، من دژی حکومەتی تۆ نەبووم ، من دیفاعم لەموچەی خەڵک کردوە و داوام کردوە کە حکومەت خزمەتی خەڵک بکات ، وە تۆ دوو ساڵە سەرۆکی حکومەتی بەڵام جەندین ساڵە و لەکابینەکانی پێشتر من هەر بەو شێوەیە بووم و داوای خزمەتکردن و دابینکردنی موچەم لەحکومەت بۆ خەڵک کردوە.

پەیوەندی دووەمیان بەکاتژمێرێک لەدوای شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف بوو لەمانگی دەی ئەمساڵ. پوختەی پەیوەندیەکە بەم جۆرە بوە:

لاهور شێخ جەنگی نامەیەک بۆ مەسرور بارزانی دەنێرێ و دەڵێ دەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم سەبارەت بەوەی کە ئێستا روویداوە. دواتر راستەوخۆ مەسرور بارزانی پەیوەندی بەلاهور شێخ جەنگی دەکات و کاک لاهور دەڵێ ؛ هاوکار ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان بوە، بیست ساڵە خزمەتی هەیە ، لەناو هەوڵێر و بەرۆژی نیوەرۆ لەبەرچاوی هێزەکانی ئاسایش وای بەسەرهاتوە، بۆیە ئێوە لێی بەرپرسن و دەبێت بەجدی ئیجرائات بکەن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کەلەپشت ئەم کارەوەیە. دواتر مەسرور بارزانی دەڵێ ئەوە قبوڵکراو نیەو وەعد بێت قسوری ناکەین و دەبێت بیاندۆزینەوە و ئاشکرایان بکەین.

ئەمە هەموو پەیوەندی و یەکتربینین و دۆستایەتی نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی بوە لەماوی ساڵ و نیوی رابردوو.

(٢)

ناوەرۆک و مەغزای پیرۆزباییەکە

دوای چەند رۆژێک لە کۆتایهاتنی کۆنگرەی پارتی، شێخ لاهور دوێنێ ئێوارە پیرۆزبایی لەمەسرور بارزانی کرد. سەرەتا با دەقی پیرۆزباییەکە وەک خۆی دابنێین ئەوجا مەغزاکانی بخوێنینەوە؛

(بەڕێز کاک مەسرور

دواى سلڵاوو ڕێز،

دەمەوێت پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەتان لێبکەم وە هەروەها لە ڕێگەی جنابتەوە پیرۆزبایی لە کاک مەسعود بکەم بۆ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستان، بە هیوای ئەوەی کە ئامانجەکانی کۆنگرە کۆتایهێنان بێت بە گرژیو ئاڵۆزیەکانی بەینی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردوستان و دروستبونی یەکڕیزی ڕاستەقینە لە پێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان.)

لەسیاقی ئەم چەند دێرەی پیرۆزباییەکە ، لاهور شێخ جەنگی دوو مەبەستی هەیە؛

١- پیرۆزبایی لەپارتی دەکات لەرێگای سەرۆکی پارتیەوە و ئەم پەیامەش بەکوری کاک مەسعود بارزانی دەنێرێت بۆ باوکی. کەلەمەدا دەیەوێت بڵێ سیاسەت بەرق و کینە ناکرێت و دەکرێ لەسیاسەتدا شوێنێک بدۆزینەوە کە هەموومان سەرباری جیاوازیەکانمان ،خزمەتی خەڵک بکەین.

٢- لەناوەرۆکی پەیامی پیرۆزباییەکەدا، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت بەهەموان بڵێ کەپەرتەوازەیی گەورە لەنێوان پەیوەندیەکانی هێزە سیاسیەکان ( پارتی و یەکێتی بەتایبەتی) هەیە و مەترسیەکی جدی دەبینێت لەسەر دۆخی ئیداریی هەرێم و بەهەدەردانی دەسکەوتەکان. هەر لەبەر ئەمەشە خودی پیرۆزباییەکەی کردوەتە بیانوو بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم مەترسیە جدیە بداتە بەرگوێی سەرکردایەتی نوێی پارتی و لەرێگەی ئەمانیشەوە بۆ هەموو حیزبەکان و خەڵکی کوردستان روون بکاتەوە.

(٣)

پیرۆزبایی و گەوجاندنی خەڵک

لەدوای ئەمە کۆمەڵێک پەیجی چەندینجار کڕراو و فرۆشراو یان هەندێکی کەم لەتەسکبینی سیاسی کە ئەلف و بای سیاسەت نازانن ، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەداری کلۆردا دۆزیبێتەوە کەوتنە ئیدیعای ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی لەپارتی نزیک بوەتەوە و دەیەوێ بەوئاراستە بروات.

بەرلەهەرشتێک ، ئەگەر بەپیرۆزبایی بێت ئەوا دەبێت هەموو کوردستان و عیراق بووبن بەپارتی و پێمان نەزانیبێ چونکە هەریەک لەمانە پیرۆزباییان لەپارتی و مەسعود بارزانی و کورەکەی کردوە:

عەلی باپیر، سەلاحەدین بەهائەدین، یەکێتیی، حەمەی حاجی مەحمود، شویعی، زەحمەتکێشان ، بزوتنەوەی ئیسلامی ، کۆمۆنیستەکان، حیزبی دیموکراتی ئیران ، کۆمەڵە، پژاک، قەدەسە، هەدەسە، پەکەکە، یەپەژە، هەدەپە، محمد شیاع السودانی، حەلبوسی، خەنجەر، کازمی، هادی عامری، عادل عبدالمەهدی، مالکی، سامەرائی.... هتد کەزۆرێک لەمانە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسیان بەتوندی دژایەتی پارتیان کردوە و ئێستا پیرۆزباییان ناردوە.

ئەرێ بەراست ئێوە بەو عەقڵ و مەنتیقەوە پێتان وایە مادام لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی لەمەسرور بارزانی کردوە ، ئیتر بوەتە پارتی ئەی نازانن بەم بیرکردنەوەی ئێوەبێت ئەوا هەموو عیراق و کوردستان بوەتە پارتی و نەمانزانیوە؟ ئەمە جگەلەوە چەندین سەفیر و نوێنەری وڵاتان سەرەیان گرتوە و دەبنە پارتی چونکە ئەوانیش پیرۆزباییان ناردوە.

لەکۆتایی ؛ وابزانم بەم هەرزە عەقڵ و بەم سیاسەتە تەسکبینیەی ئێوە نوکتەکە دەبێتە راست کەوتبویان پارتی لەگەڵ چین هەڵبژاردن بکات ، دەیباتەوە. ئەوەتا بەپیرۆزباییەک عیراق و دونیاتان لێبوەتە پارتی. بەڵام بزانن کەخەڵک بەم هاشوهوشانە ناگەوجێ و پەرەی سپی دەخوێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×