دژەتیرۆری یەكێتی رونكردنەوە لەسەر "سیناریۆکەی ئەنجومەنی ئاسایش" دەربارەی كوژرانی هاوکار جاف دەدا
  2022-11-09       1231       

دژە تیرۆری یەكێتی ئەو ڤیدیۆیەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە لە رۆژی 13ی 10ی 2022 لەبارەی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بڵاویكردۆتەوە، بە "سیناریۆی ئەنجومەنی ئاسایش" ناودەبات.

ئاوێنە: دژە تیرۆری یەكێتی لە رونكردنەوەكەیدا لەبارەی ڤیدیۆكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە رایگەیاند، لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كە دوای ماوەیەك زۆر كەم لە روداوی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بڵاوكراوەتەوە، دەستی تۆمەت بۆ بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری سلێمانی درێژكراوەو بە ئاشكرا دەڵێت، كردەوەكە بە فەرمانی وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی و كارزان محەمەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی ئەنجام دراوە.

وتوشیەتی، بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەكیان لەگەڵ ئەم دو بەرپرسەدا كردبێت و وتەیان وەرگیرابێت لەسەر دۆسیەكە، ناویان هێنراوە كە لە روی یاساییەوە نابێت ناو و پێگەی كەسێك لەكەدار بكرێت بەوەی كە تاوانێكی ئەنجامداوە پێش ئەوەی بانگهێشتی دادگا بكرێت و لەلایەن دادوەری تایبەتمەند وتەی وەرگیرابێت و دۆسەی لێكۆڵینەوەكە تەواو بوبێت.

دژە تیرۆری یەكێتی كۆمەڵێك تێبینی خستۆتەڕو لەسەر ڤیدیۆكەی ئەنجومەنی ئاسایش لەوانە وتویەتی، ئەگەر سەرنجی سەرجەم گرتە ڤیدیۆكان بدرێت كە لەكامێراكانی چاودێرییەوە وەرگیراون، هیچیان نە بەروارو نە كاتژمێری روداوەكانی لەسەر نییە، كە ئاشكرایە لای هەموان سەرجەم كامێركانی چاودێری كاتژمێر و بەرواریان لەسەرە.

لە تێبینییەكی دیكەدا دژە تیرۆری یەكێتی ئاماژەی بەوەداوە كە "تەنها چەند كامێرایەكی چاودێری وەرگیراوە كە نە ئۆتۆمبێلەكان و نە تۆمەتبارەكان ناتوانیت بەشێوەیەكی رون بیانبینیت، وەڵامەكەشی زۆر رونە، ئەویش دروستكردن و بە یەكەوە بەستنی چەند ڤیدیۆیەكە بەمەبەستی تاوانباركردنی چەند كەس و لایەنێكی دیاریكراو"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×