حیزبەكانی كوردستانی ئێران بۆ سوپای پاسداران: لە دوایین پەلەقاژەی بەر لە نەمانتان تێدەگەین
  2022-11-14       376       

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران هێرشەكەی ئەمڕۆ سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێم بە "دوایین پەلەقاژەی بەر لە نەمان" ناودەبات و دەشڵێت: "ئێستا نەك ئێمەو خەڵكی كوردستان و ئێران، بەڵكو خۆشتان دڵنیان ئەوەی دەبێت چۆك دابدات و لەنێو بچێت ئێوەن، نەك ئیرادەی خەڵكی ڕاپەڕیوی ئێران."

ئاوێنە: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە كاتێكدا خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و ئێران خۆیان ئامادە دەكەن بە وزەو گوڕوتینێكی زیاترو بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە پێ بنێنە مانگی سێیەمی شۆڕشەكەیانەوە، سوپای تیرۆریستی پاسداران جارێكیتر بە موشەك و درۆن هێرشی كردەوە سەر بارەگاكانی حیزبەكانی كوردستان لە قوڵایی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە بەداخەوە ئەو پەلامارە موشەکییە دو شەهیدو ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە و هەمو خەڵكی كوردستان و ئێران ئێستا سەیری دیمەنەكانی دوایین پەلەقاژەی بەر لە نەمانتان دەكەین. ئێستا نەك ئێمەو خەڵكی كوردستان و ئێران، بەڵكو خۆشتان دڵنیان ئەوەی دەبێت چۆك دابدات و لەنێو بچێت ئێوەن، نەك ئیرادەی خەڵكی ڕاپەڕیوی ئێران."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "خەڵكی كوردستان نە بە موشەك و درۆن چاوترسێن دەكرێن و نە شۆڕشەكەشیان بەم هێرشە ترسنۆكانەیە بەلاڕێدا دەچێت."

ناوەندی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داواشی لە خەڵكی راپەڕیوی ئێران و كوردستان كردوە، "رۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر وەك دەستپێكی مانگی سێیەمی شۆڕش، سەرلەبەیانی تا نیوەرۆ بە مانگرتنی گشتی و لە دوای كاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆش بە خۆپیشاندانی بەهێزو بەرفراوان پێشوازی لە مانگی سێیەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بكەن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×