ژنه‌ فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى ھەسەدە ھۆشداری بە توركیاو ڕوسیا دەدات
  2022-12-01       484       

ژنه‌ فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) هۆشداریی به‌ڕوسیا ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر ڕوسیا له‌سه‌ر ئه‌م بێهه‌ڵوێستیه‌ى ئێستاى به‌رده‌وامبێت، هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته‌ ده‌گۆڕن"، ده‌شڵێت:"با توركیاش بزانێت، له‌ئاماده‌باشیداین بۆ هه‌ر وه‌ڵامێكى هێرشى زه‌مینى توركیا".

ئاوێنە: نەورۆز ئەحمەد ئەندامێکی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ئاشكرایكرد، "تائێستا جموجۆڵێکی گەورە نییە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی، بەڵام تورکیا کاتێکی زۆری ناوێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشێکی لەوجۆرە، با ئه‌و وڵاته‌ بزانێت، هێزەکانمان ئەو هەڕەشانە بەجدی وەردەگرن‌و ئامادەن وەڵامێكى توندى هەر هێرشێک بدەنەوە".

ئه‌و ژنه‌ فه‌رمانده‌یه‌ى هه‌سه‌ده‌ هۆشداریی به‌ڕوسیاشداو ڕایگه‌یاند، "گفتوگۆ لەگەڵ ڕوسیاو حکومەتی دیمەشق بەردوامە سەبارەت بەو ناوچانەى توركیا هه‌ڕه‌شه‌ى په‌لاماردانیان ده‌كات، تاوەکو هەڵوێستێکی هاوبەش هەبێت لەدژی هێرشەکان، ئەگەربێت‌و تورکیا هێرشبکات‌و ڕوسیاو ڕژێمی سوریا بێدەنگ بن یان بکشێنەوە، ئەوا شێوازی پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا دەگۆڕێت‌و بونی ڕوسیاو ڕژێم لەسەر زەوی ناوچەکەش دەگۆڕێت، بەوپێیەی هاوسەنگی لەناوچەکە نامێنێت، شەڕەکە تەنها لەیەک ناوچەدا نامێنێتەوە".

هۆشداریی ئه‌وه‌شی به‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ئه‌گه‌رى په‌لامارى توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان‌و ڕایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌لاماره‌ ئه‌نجامبدرێت، دەبێتە هۆی ئاوارەبونی دانیشتوانی ناوچەکەو ئارامی‌و ئاسایش لەناوچەکەدا نامێنێت‌و 5 ملیۆن کەسیش ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ دۆخێکی مەترسیدارەوە".

لەلایەکی دیکە فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشكرایكرد، بەناچاری چالاکییەکانیان لەدژی داعش ڕاگرتوە، ئه‌وه‌ش مه‌ترسى دروستكردوه‌و ڕەنگە داعش سود لەم دۆخە وەربگرێت‌و خۆی لەڕەققەو دێرزور زیندوبکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×