پۆلیسی هەولێر: ماتۆڕ لە هاوڵاتییەكی بەریتانی دەدات و گیان لەدەستدەدات
  2022-12-02       511       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو، لەسەر شەقامی 100 مەتری شارەكە، ماتۆڕسكیلێك خۆی كێشاوە بە هاوڵاتییەكی بەریتانیدا و لە ئەنجامی روداوەكە هاوڵاتییە بەریتانییەكە گیانی لەدەستداوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی كاتژمير (١:٣٠) خولەکی شەوی رابردو هێزەکانمان ئاگاداركرانەوه به بونى روداوێكى هاتوچۆ لەسەر شەقامى (١٠٠ مەتری) نزیک هوتێلی (ئارجان روتانا)، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنى روداو."

ئەوەشی خستۆتەڕو، "دەرکەوت كەوا ماتۆڕسكيلێك شوفێرەكەى به ناوى (م. خ. ش.) به رەگەز عەرەبی سوریا، كه كارى دیليڤەرى دەكات، خۆى كێشاوه به هاوڵاتیيەكى به رەگەز بەريتانى بەناوى (ئاندرۆ تورلی) تەمەن (٥٩ ساڵ) کە له كۆمپانيایەک لە شاری هەولێر كار دەكات و ویستویەتی به پياده لە شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبوە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو ڕوداوە هاوڵاتییە بەریتانییەکە گیانی لە دەست داوە."

پۆلیسی هەولێر وتوشیەتی"بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش هاوڵاتییە بەریتانییەکە هاوڕێیەکی لەگەڵ بوە به ناوى (دەيڤید) كه دانی بەوەدا ناوە بەر له روداوەكه خواردنەوەی کحولییان خواردوەتەوەو هاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە، بۆیە ئەم کارەساتە ڕوی داوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "لە ئێستاشدا شوفێرى ماتۆڕسكيلەکه بەپێی ماددە (٢٤ی هاتوچۆ) لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگيركراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×