لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ دەست بە قیڕتاوکردنی شەقامی ٦٠ مەتری گەڕەکەکە دەکرێت.
ئاوێنە: ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە ٥-١٢-٢٠٢٢ سەردانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆکیان کرد و چۆنییەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ئەو گەڕەکە بەسەرکردەوە.
ساسان عەونی، باسی لە دەستپێکردنی قیرتاوکردنی شەقامی ٦٠ مەتری گەڕەکەکە لەسەر بوودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد و وتی: دوای تەواوبوونی ئەو شەقامە، دەست بە چەند شەقامێکی دیکە و لەوانە شەقامێکی دیکەی ٦٠ مەتری و ٤٠ مەتری دەکرێت.
وەزیری شارەوانی رایگەیاند: لێدانی چوار بیری ئاویش تەواوبووە و هەر کاتێک گەڕەکەکە زیاتر ئاوەدانبووەوە، چوار بیری دیکەش لێدەدرێن.
هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئاشکرایکرد:هەر بەو شێوەیەی کێشەی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک چارەکران، لە داهاتوودا کێشەی هەندێ زەوی دیکەش چارە دەکرێ.
پارێزگاری هەولێر بو روونی ئاماژەی بە ناوی ئەو گەڕەک و زەوییانە نەدا.