هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت "قەیرانی" دابەزینی بەهای دینار تاوتوێ دەکات
  2023-01-23       394       

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوەو رێكارەكانی حكومەتییان بۆ روبەڕوبونەوەی "قەیرانی" دابەزینی بەهای دینار تاوتوێ كرد.

ئاوێنە: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە نوسینگەی نوری مالیکی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا کۆبوەوە.

هاوپەیمانییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێ کراون، لەگەڵ رێکارەکانی ئەمدواییانەی حکومەت بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی دابەزینی بەهای دینار."

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "رونکردنەوەیەکی وردی دا، لەبارەی ئەو رێگەچارانەی کە حکومەت پێشکێشی کردون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەر چینی هەژار و پەراوێزخراون. لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گونجاو و پێویستییانەی لە پۆستەکان کراون کە پەیوەندییان بە هەڵبەزین و دابەزینی دیناری عێراقی هەبوە."

 تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە، بەپێی راگەیەندراوەكە، تاوتوێکردنی گرنگترین ئەو پرۆژەیاسایانە بوە کە بەبڕوای بەشداربوانی کۆبونەوەکە "پێویستە" پەرلەمان پەسەندیان بکات، دیارترینیان پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵییە، لەگەڵ ئەو پرۆژەیاسانەی پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە.

ئەمڕۆ دوشەممە، ئاژانسی رەسمی عێراق، بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە بە گۆڕینی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و راسپاردنی عەلی موحسین عەلاق بۆ بەڕێوەبردنی بانکەكە بە وەکالەت.

 عەلی موحسین عەلاق پێشتر لەنێوان ساڵانی 2014 و 2020 پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بو و لە ساڵی 2020یش کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگارانی سندوقی نەختینەی عەرەبی.

 سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاریداوە بە خانەنشینکردنی بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراق - TBI و راسپاردنی بیلال حەمدانی، کە بەڕێوەبەری گشتیی بانکی پیشەسازیی عێراقە، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری بانکەکە.

 ئەو گۆڕانکارییانە لەکاتێکدان، زیاتر لە مانگێکە دینار لە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی دابەزیوە، بەڵام ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەو گۆڕانكارییانەدا بەهای دینار لە بازاڕەكانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر دۆلاردا روی لە بەرزبونەوە كردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×