وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە بازرگان و دوکانەکانی ئاڵوگۆرای دراو
  2023-01-24       826       

بۆ رێگرتن لە یاریکردن بە نرخ و قۆستنەوەی ناجێگریی بازاڕ، وەزارەتی ناوخۆی عیراق هۆشداری دەداتە بازرگانان و خاوەن دوکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، خالید محەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند هەندێك دوکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، یاساکانی بانکی ناوەندیی پێشێل دەکەن، بۆیە ژمارەیەك لەو خاوەن دوکانانە دەستگیرکراون کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاریان کردووە.

ئەوەشیخستەڕوو کە هەدێك بانک دۆلار لە مەزادی دراو وەردەگرن و بە نرخی زیاتر دەیفرۆشنەوە، ئەوەش پێشێلکارییەکی روونی یاساکانی بانکی ناوەندییە، بەو پێیەش کە پۆلیس لایەنی جێبەجێکاری یاسایە، هێزەکانیان رووبەڕووی ئەو حاڵەتانە دەبنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆێ عیراق راشیگەیاند چەند هەڵمەتێکیان دژی ئەو کەسانە ئەنجام داوە کە قەیرانەکان دەقۆزنەوە و ئەوانەی یاری بە نرخ دەکەن دەستگیردەکرێن.

جەختیشیکردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو لە بازاڕەکاندا بلاوکرانەتەوە و چاودێری نرخی دۆلار دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×