ئێران ناردنی‌ غاز بۆ عێراق ڕاده‌گرێت
  2023-01-29       454       

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە ١٢ رۆژە ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق راگیراوە، ئاماژەی بەوەشداوه‌ کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لەبەغداو ناوچەکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق حەوت ھەزارو ٥٠٠ میگاوات کەمبۆتەوە.

ئاوێنه‌: وەزارەتی کارەبای عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ماوەی ١٢ رۆژە ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز، بەپێی ئەوەی لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە، راگیراوە.

ئەوەیشی خستووەتەڕو کە ھەناردەکردنی غاز لەرۆژی پێنجشەممە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق راگیراوە.

راشیگەیاندووە، بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، حەوت ھەزارو ٥٠٠ میگاوات کەمبووەتەوە کە ئەوەیش بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بەھاوڵاتیان دروستکردووە.

باسی لەوەش کردووە، "وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی بەپەلەی گرتووەتەبەرو لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردووە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لەسوتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لەبەغداو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دابین بکات، تا بتواندرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە پێ قەرەبوو بکرێتەوە".

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بەبیانوی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×