هەرێمی کوردستان؛ نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەر لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت
  2023-02-24       838       

لە سنوری پارێزگای دهۆک نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەر (بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی ئاو)لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت کە توانای بەرهەمهێنانی 37.2 مێگاوات کارەبای هەیە و 151 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، لەئێستاشدا 95%ـی کارەکانی دروستکردنی تەواو بوە.

ئاوێنه‌: سەگڤان شەوکەت، ئەندازیاری میکانیکی لە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلوک، سەبارەت بە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندوە، وێستگەکە لە دو تۆربایین پێکهاتوە و توانای بەرهەمهێنانی 37.2 مێگاوات کارەبای هەیە، لەئێستاشدا ڕێژەی 95%ـی کارەکانی دروستکردنی تەواو بوە و گوژمەکەی 151 ملیۆن دۆلارە، ئەمە جگە لەوەی کە 50 هەلی کاری بۆ هاوڵاتییان ڕەخساندوە.

لەبارەی بەرهەمی ئێستای وێستگەکەش، حەسەن یوسف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلوک دەڵێت، لەئێستادا وێستگەکە کەوتوەتە کار و بەرهەمی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی زێی گەورە، بەرهەمی ڕۆژانەی تەنیا 7 مێگاوات کارەبایە.

وێستگەی هایدرۆپاوەری دێرەلوک بە دۆستی ژینگە دادەنرێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پیسبونی ژینگە نییە، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێکیش بۆ باشتربونی دۆخی کارەبا و کێشەی ڤۆڵتییەی ناوچەکەش، چارەسەر دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×