سەرەڕای تێپەڕینی شەش رۆژ بەسەر گیان لەدەستدانی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ئورمیە بەهۆی رێگریی بەرپرسانی بەندیخانە لە وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی، تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە تهرمهكهیان رادهستی بنهاڵهكهی نهكردووهتهوه.
ئاوێنە: راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی تۆمەتبار بە تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکان، بە ناوی فەرهاد نەقی زادە، تەمەن 47 ساڵ، رۆژی چوارشەممە 8ی ئازاری 2023، بەهۆی وەرنەگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست و درەنگ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە ئاکامی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە، لەکاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە تهندروستییهكانی دەرەوەی بەندیخانە گیانی لەدەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە، فەرهاد نەقی زادە لە بەندیخانە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەهۆی وەڵامنەدانەوەی دادوەری چاودێر بەسەر بەندیخانە و سەرۆکی بەندیخانە (بەخشی) و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە تهندروستییهكان، لە کاتی گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر گیان لەدەستدانی ناوبراودا، تا ئێستا ناوەندە حکوومییەکان بە بیانووی نیشتەجێبوونی هاوژین و منداڵەکانی فەرهاد نەقی زادە لە وڵاتی نهرویج، لە رادەستکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە.
فەرهاد نەقی زادە، پێنج ساڵ پێش لەلایەن هێزەکانی ئێرانهوه دەستبەسەرکرا و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای 15 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.