ئێران لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دەدات
  2023-03-14       356       


لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرا بوە کە ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە 15 ساڵی رابردو زۆر زیادی کردوە و لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێت.

ئاوێنه‌: ناوەندنی زانیارییە کراوەکانی ئێران (iranopendata.org) لە نوێترین توێژینەوەیدا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە زستانی ئەمساڵەوە رێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە 15 ساڵی رابردوی کۆماری ئیسلامی ئێران 24% زیادی کردوە و لە ساڵی 2023 لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دەدرێت.

ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2008 تا 2022 لە هەر 17 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دراوە.

زانیاریی و ئامارەکانی ئەو ناوەندە دەریخستوە لە 65 رۆژی سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 113 کەس لەسێدارە دارون کە ئەوەش زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی ئەو ماوەیە لە هەشت ساڵی رابردودا.

زیاترین سزای سێدارە لە پارێزگاکانی تاران ، ئەلبورز، ورمێ، خوراسان، سیستان و بەلوچستان جێبەجێ کراوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە چین بە لەسێدارەدانی نزیکەی هەزار کەس لە سالێکدا یەکەم وڵاتی جیهانە کە زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دووەم وڵاتی جیهان دێت کە زیاترین سزی سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ئامارەکان لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کورد لە رۆژهەڵات و لە شارەکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە کە تۆمەتی پێنج کەسیان سیاسیی بوە و 28 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە زۆربەیان زیاتر لە چەند ساڵێک لە زیندانەکاندا بەند کرابون.

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 110 کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسیان لەسێدارەدران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشدارییان داوە کە سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پێش ئەوەی یاسا بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×