زانیاری‌ نوێ له‌باره‌ی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6 بڵاوكرایه‌وه‌
  2023-07-15       1582       

هه‌رچه‌نده‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ته‌مموز (7)داین، به‌ڵام تائێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ حوزه‌یران (6)ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دیارینه‌كراوه‌. سەرچاوەیەکیش لەحکومەتی‌ هەرێم ده‌ڵێت، "ئەگەر ئەم هەفتەیە یاسای بودجە جێبەجێنەکرێت، دەبێت بەغداد 800 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بکات بۆ دابەشکردنی‌ موچە."

ئاوێنه‌: سەرچاوەیەک لەحکومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان به‌میدیای‌ ڕه‌سمی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 6 حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراقە، بۆیە ئەگەر لەم هەفتەیەدا یاسای بودجە جێبەجێنەکرێت، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 6 دەبێت بەغداد 800 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بکات."

لەلایەکی ترەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی ڕێنمای خەرجکردنی پارە بۆ وەزارەت و پارێزگاکان دەربکات، بەمەش یاسای‌ بودجە دەکەوێتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە، جگە لەو مادەو بڕگانەی‌ کە بەبڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ راگیراون تاکو بڕیاردان لەسەریان یەکلایی دەبێتەوە، هەروەها لە ١٦ی‌ ئەم مانگەوە دەست دەکرێت بەخەرجکردنی‌ بودجەی‌ پەرەپێدادانی‌ پارێزگاکان کە دوو ترلیۆن‌و 500 ملیار دینارەو لەگەڵ پارەدارکردنی‌ پرۆژەکان.

26ی مانگی‌ ڕابردو یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی دادی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایع، یاساكه‌ له‌ 1ی 1ی‌ 2023وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دوای زیاتر لەچوار رۆژ لەکۆبونەوەی بەردەوام، بەرەبەیانی ڕۆژی‌ 8ی 6ی‌ 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بودجەی عێراقی‌ بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد كه‌ بڕی‌ بودجەی ئەمساڵی عێراق 197 ترلیۆن‌و 828 ملیار دینارە (نزیکەی 152.2 ملیار دۆلار).


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×