نەتەوە یەكگرتووەكان: زیاتر لە ٢٦٠ هەزار كەس لە كەرتی غەزە ئاوارە بوون
  2023-10-11       398       

نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردەوە، بە هۆی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە ٢٦٠ هەزار كەس لە ناو كەرتی غەزە ئاوارەبوون، هاوكات بۆردوومانی قورسی ئیسرائیل لە ڕێگەی ئاسمانیی و وشكانیی و دەریاییەوە بۆ سەر كەرتی غەزە بەردەوامە.

نووسینگەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كاروباری مرۆیی (OCHA) لەبارەی ژمارەی ئاوەرەكانی كەرتی غەزەوە، بە هۆی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەو كەسانەی بەهۆی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان حەماس و ئیسرائیل ٢٦٣ هەزار و ٩٣٤ كەس لە غەزە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەندراون و ئاوارەبوون، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی ئەم ئامارە هەیە.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە ئێستادا بۆردوومانی قورسی ئیسرائیل لە ڕێگەی ئاسمانیی و وشكانیی و دەریاییەوە، بۆ سەر كەرتی غەزە بەردەوامە هاوكات ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەكان زیاتر لە هەزار یەكە نیشتەجێبوونیان لەناوبردووە، لەكاتێكدا ٥٦٠ یەكە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، وێرانبوونی ئەو شوێنی نیشتەجێبوونانە وایكردووە، هاوڵاتییان شوێنی نیشتەجێبوونیان نەبێت، نزیكەی ١٧٥ هەزار لەو ئاوارانە پەنایان بردووەتە بەر ٨٨ قوتابخانە كە لەلایەن دەزگای فریاگوزاریی و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین تەرخان كراوە.

ئەوەشیان راگەیاند، زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ كەسی دیكە ئاوارەبوون، بۆ ١٢ قوتابخانەی حكومی، هاوكات پێشبینی دەكرێت نزیكەی ٧٤ هەزار كەس لەماڵی كەسوكار و دراوسێكانیان دەمێننەوە یان پەنایان بردووەتە بەر كەنیسە و پەرستگاكانی دیكە، ژمارەی ئاوارەكانی ناو كەرتی غەززە زۆرترین ژمارەی ئاوارەیە لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×