سووننەکان جێگرەوەی حەلبوسی دیاری دەکەن
  2023-11-16       386       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک سەرکردە و نوێنەری هێزە سیاسییە عەرەبییە سوننەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، ئەوەش بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان.

سەرچاوەیەک بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید ئاشکرایکردووە، سەرکردەی سوننەکان ئەمڕۆ کۆدەبنەوەو ناوی کەسێک بۆ شوێنی محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پێشووی پەرلەمان یەکلادەکەنەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، لە کۆبوونەوە پێشوەختەکان، پێشنیاری گواستنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان پارێزگا سونییەکان کراوە، بەو پێیەی، محەمەد حەلبوسی خەڵکی ئەنبار بووە، پێش ئەویش خەڵکی دیالە بووە، پێشتریش خەڵکی نەینەوا بووە، بۆیە دەبێت ئێستا کەسێک کاندید بکرێت، خەڵکی سەڵاحەدین، یان بەغدا بێت.

سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، بەشێک لە سەرکردەکانی سوننە ئەم پێشنیازە ڕەتدەکەنەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کاندیدەکە دەبێت کەسێک بێت شیاو بێت بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەبەرێت، جا هەر کەسێک بێت کێشە نییە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا هێزە شیعە و کوردییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ئەو پرسە دەرنەبڕیوە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دانیشتنەکانی پەرلەمان بەردەوام دەبن لە غیابی سەرۆکی پەرلەمان، بەو پێیەی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان (موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا) دەتوانن کۆبوونەوەکان بەڕێوەبەرن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×