50 پەرلەمانتار داوای دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق دەکەن
  2023-11-17       240       

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، سەرۆكایەتی پەرلەمان، داواكارییەكی لە زیاتر لە 50 پەرلەمانتارەوە پێگەیشتوە كە تێیدا داوادەكەن سبەی شەممە، دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بە پشتبەستن بە ماددەی 58ی دەستور، سەرۆكایەتی پەرلەمان داواكارییەكی لە زیاتر لە 50 پەرلەمانتارەوە پێگەیشتوە كە داوا دەكەن سبەی شەممە، دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەبچێت بۆ تەواوكردنی ئەركە تەشریعی و چاودێرییەكانی پەرلەمان.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەحمەد جبوری، پەرلەمانتاری عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەگوێرەی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە دانیشتنی داهاتویدا پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە پێشبینی دەكرێت زیاد لە كاندیدێك بۆ پۆستەكە هەبن و لە دەنگدانێكی نهێنیدا پەرلەمانتاران یەكێكیان هەڵدەبژێرن.

رۆژی 14ـی تشرینى دوەمی 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×