ئاژاسنی رۆیتەرز: ئەمریکا سزای بەسەر چەند گروپێکی چەکداری عێراقدا سەپاند
  2023-11-17       331       

ئاژاسنی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمەلێک گروپی چەکداری عێراقی سەر بە حزبوڵادا سەپاند و بە ئەنجامدەری هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات.

لە ماوەی رابردو هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 58 جار لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لە سوریا و عێراق بە ئامانج گیران، هێرشەکانیش لە دوای نیگەرانییە هەرێمییەکانی جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیل دەستی پێکرد.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سزای بەسەر شەش کەسایەتیدا سەپاندوە کە سەر بەو گروپە چەکدارییە عێراقییانەن کە دەچنەوە سەر حزبوڵا، ئەو هێزە سیاسیەش لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆرست ناسێنراون.

لە نێوان ئەو کەسانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەندامێکی دەستەی دروستکردنی بڕیاری کۆمەڵە چەکدارییەکە و بەرپرسی کاروباری دەرەکی و فەرماندەی سەربازی هەیە، کە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات بەوەی لەگەڵ سوپای پاسداران راهێنانیان بە چەند جەنگاوەرێک کردوە.

جگە لەوانیش سزا بەسەر بەرپرسێکی فەیلەقی قودس کە باڵێکی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێرانە سەپێنراوە، چونکە ئاسانکاری گەشت و راهێنانی بۆ یەکینەکانی حزبوڵا کردوە لە ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×