وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، له ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌وه بودجه‌ی پێویست ره‌وانه‌ی بانكه‌كان كراوه، به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (تشرینی دوه‌م/11)ی فه‌رمانبه‌ران.
وه‌زاره‌تی دارایی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، به‌شی ژمێریاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ده‌ستیكردوه به ناردنی بودجه بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ ئه‌م مانگه، دوای ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به پرۆسه‌ی ڕێكخستنی خه‌رجكردن.
وه‌زاره‌تی دارایی داوای له سه‌رجه‌م یه‌كه‌كانی خه‌رجكردن له وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردوه، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان و بانكه‌كان بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی دارایی موچه، به له‌به‌رچاوگرتنی پابه‌ندبون به مه‌رجه‌كانی دارایی مانگانه.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه تا ئێستا فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌چاوه‌ڕوانی موچه‌ی مانگی (ئه‌یلول/9)ی ئه‌مساڵدان، هیچ واده‌یه‌كیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دیارینه‌كراوه، حكومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی ناردنی 700 ملیار دیناری دیكه له به‌غداوه ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بتوانێت موچه‌ی مانگی 9 دابه‌شبكات.