ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێكارێكی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەگرێتەبەر
  2023-11-21       373       

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رێگەبدرێت بە هاوردەكارانی كاڵاكانی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل و جگەرە) كە سود لە خزمەتگوزاری پلاتفۆرمی حەواڵەی دارایی دەرەكی ببینن و دۆلاریان بە نرخی رەسمی بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی پەنا نەبەنە بەر كڕینی دۆلار لە بازاڕە ناڕەسمییەكانی دراو كە ئەوەش "رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر دابەزینی نرخی دراوی بیانی دەبێت لە بازاڕە ناڕەسمییەكان."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا لەبارەی رێكخستنی بازرگانی و هاوردەكردنی هەندێك كاڵاو كەرەستە كە هەندێك لە بازرگانان بۆ هاوردەكردنیان ناچارن پەناببەنە بەر بازاڕە ناڕەسمییەكانی دراو بۆ پەیداكردنی دۆلار، كۆمەڵێك بڕیار دراون.

بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕیارەكان رێگەدەدان بە هاوردەكارانی كاڵاكانی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل و جگەرە) سود لە خزمەتگوزارییەكانی پلاتفۆرمی حەواڵەی دارایی دەرەكی وەربگرن كە ئەوەش ئاسانكارییان بۆ ئەو هاوردەكارانە دەكات كە دراویان بە نرخی رەسمی دەستبكەوێت و پێویستیان بەوە نەبێت بۆ كڕینی دۆلار پەنا بەرنە بەر بازاڕە ناڕەسمییەكانی دراو.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی دراوی بیانی دەبێت لە بازاڕە ناڕەسمییەكانی دراودا، چونكە بازرگانی بەو كاڵایانەوە، بەشێكی گەورەی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕە ناڕەسمییەكاندا پێكدەهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×