مالیكی: هێرشەكانی ئەمریكا مەترسیدارە و ڕەنگە ڕووبەڕووبوونەوەكان زیاتر بكات
  2023-11-22       662       

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، بۆردوومانكردنی بارەگای هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی جێگای سەرزەنشتكردن و ئیدانەكردنە، دەشڵێت: هێرشەكانی ئەمریكا مەترسیدارە و ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوەكان لە خاكی عێراق.

ئاوێنە: نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بۆردوومانەكەی ئەم دواییەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەك لە شارەكانی وڵات جێگەی سەرزەنشت و ئیدانەكردنە.

ئاماژە بەوەش كراوە، هێرشەكانی ئەمریكا مەترسیدارە و ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوەكان لە خاكی عێراق، ئێمەش ئاواتەخوازی ئەمە نین، بۆردوومانەكەی ئەمریكا پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەروەری و ئاسایشی عێراق، چونكە پەنابردن بۆ هێز نابێتە هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بە تایبەتی كە حكومەت پابەندە بە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان و بارەگا ئەمنییەكان و ڕاوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

ئەمە لە كاتێكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای بابل لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدای پایتەخت بۆردوومان كرد، لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێكەوتەوە، هەر دوێنێش لە پارێزگای ئەنبار ئەمریكا بارهەڵگرێكی حزبوڵای لوبنانی بۆردوومان كرد.

هاوکات حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: زیادبوونی هێرشەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن ئەمریكاوە پێشێلكارییەكی ڕوونی سەر سەروەری عێراقە و قبوڵنەكراوە، ئەمریكا بەبێ ئاگاداری حكومەت بۆردوومانەی چەند ناوچەیەكی عێراقی كردووە،  هەروەها داوای لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكات، كە ئارامی عێراق تێكدەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×