پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد
  2023-11-22       294       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا بەزۆرینەی دەنگ هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد، بەوەش تەمەنی كۆمسیۆنەكە بۆ ماوەی شەش مانگ درێژكرایەوە.

ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەدانیشتنی پەرلەماندا بە زۆرینەی دەنگ، هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پەسەندكراو دانیشتنەكە هەڵگیرا.

بەپێی هەموارە پەسەندكراوەكە تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەكرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و بە ئامادەبونی 180 پەرلەمانتار دەستی پێكرد.

دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق لە دو بڕگە پێكهاتبو، یەكێكیان كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بو بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان و دوەمیشیان دەنگدان بو بە هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەدانیشتنەكە بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان دواخراوەو بەزۆرینەی دەنگیش هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پەسەندكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×