دواخستنی كۆبونەوەی ئۆپیك پڵەس نرخی نەوتی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزاند
  2023-11-22       727       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی دواخستنی كۆبونەوەی وڵاتانی ئۆپیك پڵەسەوە نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.

ئاوێنە: لە ئێستا یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 79 دۆلارو 34 سەنت و هەروەها یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە 74 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت.

دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ چوارشەممە، رێكخراوی ئۆپیك لە راگەیەندراوێكدا وتی، كۆبونەوەی ئۆپیك پڵەس بۆ 30ی تشرینی دوەم دواخرا كە بڕیاربو رۆژی یەكشەممەی داهاتو 26ی تشرینی دوەم بەڕێوەبچێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهۆكاری دواخستنەكە بدات.

راگەیاندنی لەناكاوی دواخستنی كۆبونەوەكە شڵەژانێكی لەبازاڕی نەوت لە جیهان دروستكردو نرخی نەوتی بەشێوەیەكی بەرچاو هێنایە خوارەوە.

پێشتر پێگەی بلومبێرگ بڵاویكردبوەوە كە پێدەچێت كۆبونەوەكەی ئۆپیك پڵەس بۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایەتی سعودیە لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی كە هەندێك لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك بەرهەمی دەهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×