بۆ یەکەمجار سوریا بڕیاریدا ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی عێراق لاببات و لەمەودوا عێراقییەکان دەتوانن بێ ڤیزا و رێگەدانی ئەمنیی بچنە خاکی ئەو وڵاتە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی ئەلوەتەنی سوریی بڵاویکردوەتەوە کە بڕیاری لابردنی ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی عێراق لە رۆژی چوارشەممەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەم بڕیارەش تەواوی دەروازە وشکانیی و ئاسمانییەکان دەگرێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە هاوڵاتیی عێراقی لەگەڵ گەیشتنی بۆ سنورەکانی سوریا جا لە دەروازە وشکانییەکان بێت یان فڕۆکەخانە رەزامەندی چونە نێو سوریا وەردەگرێت و پێویست بە داوای ڤیزای پێشوەختە ناکات.
لە بەرامبەردا هاوڵاتی سوریی دەبێت بۆ هاتنە نێو خاکی عێراق پێویستە مۆڵەتی گەشتی ئەلیکترۆنی وەربگرێت پێش ئەوەی لەڕێی خاڵە سنورییەکانەوە بێنە خاکی عێراق.